Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئێمە شەڕی دڕندەیەک دەکەین و ستراتیژیەتەکەشمان سەرکەوتووە و هەموو ئەمریکاییەک ڕۆڵێکی لەسەرە بیبینێت


سەرۆک ترامپ جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمریکا کار لەسەر پەرەپێدانی دوو ڤاکسین دەکات کە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنان.

سەرۆک ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا ئاماژەی بە کارکردن کرد لە بەرەی زانستیەوە و دەڵێت "لەگەڵ بەڕێوبەرانی چوار کۆمپانیادا قسەم کردووە و کارێکی زۆر باش دەکەن لە بوارەکانی دۆزینەوەی چارەسەر و هەروەها ڤاکسین دژی ئەم پەتایە و ئەم هەوڵانەش پاراستنێکی تەواومان پێدەبەخشن و شییانێکی زۆریشی هەیە، بەڵام کاتی پێدەوێت."

سەرۆک ترامپ، ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ئێستادا تاقیکردنەوە لەسەر 10 دەرمان دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆڤید 19 و دەشڵێت "لە ئێستادا تاقیکردنەوەش لەسەر دوو ڤاکسین دەکەین."

سەبارەت بە داواکان بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی تەندروستی، سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی کار لەسەر دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دەکات و دەڵێت "گواستنەوەی ئەم پێداویستیە گرنگانە دەستیان پێکردووە و ئەمڕۆ (سێشەممە) فڕۆکەی گەورە لە ئەمریکادا نیشتونەتەوە بۆ کارمەندە ئازاکانی بواری تەندروستیمان و چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند هەفتەی ئایندەدا 27 فڕۆکەی تر بگەن، بەڵام پێویستە کاتیشمان بدەنێ تا بینێرین بۆ هەموو لایەک."

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی کۆشکی سپیدا، پشکنەری گشتی وەزارەتی تەندروستی ئەمریکای گوناهبارکرد بەوەی، دۆسێیەکی ساختەی ئامادەکردووە سەبارەت بە کەمی سەرچاوەکان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەمریکادا.

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی یەکەی ئەندازیاری لە لەشکردا کرد و وەک باسی کرد، لە ماوەی تەنها چوار ڕۆژدا 2 هەزار قەرەوێڵەیان دروستکردووە، لەکاتێکدا بەردەوامن لە ئەرکەکانیاندا لە نیویۆرک و نیو جێرسی و و شیکاگۆ و شوێنەکانی تریشدا.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "هەفتەی ئایندە هەفتەیەکی بە ئازار و ژان دەبێت، تەنانەت ئەگەر یەک کەسیش گیان لەدەستبدات، ئێمە شەڕی دڕندەیەک دەکەین و ستراتیژیەتەکەشمان سەرکەوتووە، هەموو ئەمریکاییەک ڕۆڵێکی لەسەرە بیبینێت، ئێمە شانازی بە گەلی خۆمانەوە دەکەین کە شەڕی ئەم ڤایرۆسە دەکات."

جارێکی تریش سەرۆک ترامپ هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ سەرەک وەزیری بەریتانیا خواست، کە ئێستا لەژێر چاودێری ورددایە لە نەخۆشخانەی سانت تۆماس لە بەریتانیا، پاش ئەوەی ڕەوشی تەندروستی بەرەو خراپتر چوو بەهۆی کۆڤید 19وە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "نوێژ و نزا بۆ بۆریس جۆنسن دەکەین و دۆستێکی نزیکمانە و کاتێک ڕووبەڕووی سەختی بووینەتەوە زۆر باش بووە لەگەڵماندا، نوێژ و نزای بۆ دەکەین تا چاکببێتەوە."

سەرۆک ترامپ باسی لە داواکەی بەریتانیا کرد، کە داوای 200 ئامێری هەناسەپێدانی کردوە لە ئەمریکا و دەڵێت تاووتوێی ئەو داوایەی بەریتایەکان دەکرێت تا بزانرێت دەتوانرێت چی بکرێت.

سەبارەت بە کێشە ئابوریەکانیش، سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە خێراترکردنی یارمەتییە ئابوری و داراییەکان کرد و دەشڵێت قسەی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیا داراییەکاندا کردووە سەبارەت بە یارمەتیدانی کارمەند و کارگوزاران و هەروەهاش خاوەنی کاردارییە بچوکەکان، دەڵێت " دارایی بۆ 250 هەزار کۆمپانیای بچوک لە ئەمریکادا دابین دەکرێت و کرێی فەرمانبەرەکانیان دەدەن."

پشکنینی کۆرۆنا بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و هەشتسەد و حەفتا هەزار دانیشتووی ئەمریکا کراوە، وەک سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا باسی کرد.

ئەمریکا بە پلەی یەکەم دێت لەو ڕیزبەندیەی وڵاتانی جیهاندا بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لە سەرانسەری ئەمریکادا زیاتر لە 12716 کەس بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 394 هەزار کەسیش توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

XS
SM
MD
LG