Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕۆژانە پشکنینی کۆرۆنا بۆ 125 هەزار کەس دەکرێت لە ئەمریکادا


سەرۆک ترامپ جارێکی تریش جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمریکا هەفتەیەکی قورسی لەبەردەمدایە وەک دەڵێت "لەوانەیە لە قورسیش زیاتر بێت، چونکە چاوەڕوانی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی ژمارەی توشبووان بە کۆڤید 19 دەکرێت."

ئەمریکا لە ئێستادا لە ڕیزبەندیی یەکەمدایە لە جیهاندا، لە ڕووی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە گەیشتۆتە زیاتر لە 363 هەزار کەس.

لەو ژمارەیە زیاتر لە 19 هەزار کەس چاكبوونەتەوە و زیاتر لە 10750 کەسیش بەهۆی ئەم پەتایەوە لە ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەیدا ئاماژەشی بەوە کرد لە ئێستادا ڕۆژانە پشکنینی تەندروستی بۆ 125 هەزار کەس دەکرێت و دەڵێت "تا ئێستا یەک ملیۆن و 790 هەزار پشکنین بۆ خەڵک کراوە."

سەرۆک ترامپ، هەمان دەستەواژەی ڕۆژانی پێشووی دووبارە کردەوە و دەڵێتەوە "تروسکایی لەوسەری تونێلەکەدا دەبینین بەهۆی پەرەسەندنی کارکردن لەسەر پێکوتەکانی دژی کۆرۆنا و هەروەها کارکردنیش لەسەر چارەسەرییەکان و بەهۆی هاوکاری نێوان ئەمریکاییەکان و وابەستەبوونیان بە ڕێوشوێن و ڕێنوماییەکانەوە و هەروەهاش بەهۆی هاوکاری نێوان لەشکر و حکومەتیشەوە."

سەرۆک ترامپ دەڵێت بەڕێوبەرایەتییەکەی لەگەڵ فەرمانڕەوایانی ستانەکاندا هاوکار دەبێت بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19 و ئامێر و کەرەستەی پزیشکی وەک ئامێرەکانی هەناسەپێدان.

سەرۆک ترامپ، لەکۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەیدا، پشتیوانی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ سەرەک وەزیری بەریتانیا خواست و دەڵێت " هیواخوازم جۆنسن کە هاوڕێمە خێرا چاک ببێتەوە و ئەمریکا، نوێژ و نزای بۆ دەکات."

بۆریس جۆنسن، سەرەک وەزیری بەریتانیا، ڕۆژی دووشەممە پاش تێکچونی باری تەندروستی، بەهۆی کۆڤید 19ەوە، لە نەخۆشخانەدا گواستراوەتەوە بۆ بەشی چاودێری ورد.

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەشدا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەو پەیوەندیە تەلەفونیەی، جۆ بایدن جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆی کردبوو.

وەها چاوەڕوان دەکرێت بەڕێز بایدن ببێتە ڕکابەری سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا کە بڕیارە لە مانگی یازدەی داهاتوودا بکرێت.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "پەیوەندیەکی دۆستانەمان کرد و بابەتی کۆرۆنامان باسکرد، ئەمە ئەو بابەتەیە هەموو کەسێک دەخوازێت باسی لێوە بکەین."

سەرۆک ترامپ، باسی لەوەش کرد کە بایدن هەندێک پێشنیازی هەبوون و دەشڵێت "لە ڕوانینەکانی تێگەیشتم. پەیوەندیە تەلەفونیەکەشمان نزیکەی 15 خولەکی خایاند و زۆر زۆر باشیش بوو، پەیوەندییەکەی بەرز دەنرخێنم و جێی پێزانینمە."

XS
SM
MD
LG