لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەتا دێت زیاتر بڵاودەبێتەوە، زیاد لە 6 ملیۆن و 600 هەزار کەس فۆڕمی هاوکاری بێکارانیان لەم هەفتەیەدا پڕکردۆتەوە ئەمەش دوو هێندەی ژمارەکەی هەفتەی ڕابوردووە.
ڕاپۆرتەکەی هەفتەی ڕابوردوو ئاماژەی بەوە کردبوو کە سێ ملیۆن و 300 هەار کەس داوای ئەو هاوکارییەیان کردبوو بەڵام لە ئێستادا بە گشتی 10 ملیۆن کەس لەوەتای ئەم ڤایرۆسە بڵاو بۆتەوە کارەکانیان لەدەستداوە. ئەمەش گورزێکی گەورەیە بۆ ئابوری ئەمەریکا.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممەی وەزارەتی کار ئەوەش نیشان دەدات ڕێژەی بێکاری هەتا دێت زیادتر دەبێت چ لە ناو ئەمەرکا و چ لە دەرەوەش ئەمەش بەهۆی داخستی زۆربەی بازاڕەکان لە جیهاندا.
هەیدی شیرهۆڵز شارەزایەکی بواری ئابوری لە نێوەندی ڕێبازی ئابوری بە ئاژانسی دەنگو باسی ئەسۆشیەیتدی ڕاگەیاندووە " گۆڕانکاری بەم شێوەیەی بازاری کار لە ماوەیەکی ئەوەندە کورتدا هەرگیز ڕووینەداوە."
شێوازی لە دەستدانی کارەکان وای کردووە زۆربەی ئابوری ناسان پێشبینی ئەوە بکەن هەتا کۆتایی مانگی 4 نزیکەی 20 ملیۆن کەس بێکارببن. ئەمەش زیاتر دەبێت لە دوو هێندی ئەو ژمارەیەی کە لە سەردەمی داڕمانی ئابوری بێکار بوون. ڕێژەی بێکاریش ڕەنگە لەم مانگەدا بگاتە لە سەدا .15