Accessibility links

سەرۆک ترامپ: لە هەموو بەرەکانەوە هێرش دەکەینە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا


سەرۆک ترامپ، گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بۆ 30 ڕۆژ درێژکردەوە.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی سەرۆکی ئەمریکادا لە کۆشکی سپی، وەزیری داد و وەزیری بەرگریش لە تەنیشتیەوە بوون.

سەرۆک ترامپ دەڵێت "لە هەموو بەرەکانەوە هێرش دەکەینە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە بەرەی پزیشکی و تەندروستی، بۆ بەرەی ڕێوشوێنی ئابوری، ڕێگەگرتن لە سەفەرکردن و هەروەها هەنگاوی تریش."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە ناردنی دوو کەشتی نەخۆشخانەیی کرد بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵك و ڕایگەیاند لە ئایندەشدا دوو کەشتی تریش دەنێرێت.
سەرۆک ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا باسی لە چۆنیەتی سەوداکردنی چین کرد لەگەڵ پەتای کۆڤید 19دا و هەروەهاش پەیوەندییەکانی خۆیشی لەگەڵ سەرۆکی چیندا، هەرچەندە جارێکی تریش گومانەکانی خۆی نەشاردەوە لەسەر ژمارەی توشبووان بە کۆڤید 19 لە وڵاتی چین و دەڵێت "ناتوانین ئەو ژمارانەی لە چینەوە بڵاودەکرێنەوە پشتڕاست بکەینەوە، ژمارە فەرمییەکان کەمن، بەڵام ڕاپۆرتی تریش هەن پێچەوانەن."

سەرۆکی ئەمریکا چەند جارێک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا جەختی کردەوە لەوەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی چیندا هەیە و بەردەوامیش دەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی چیندا. هەروەها هەندێک ئاماژەی ئەرێنیشی کرد بەوەی چین یارمەتی وڵاتانی تر دەدات بە کەرەستە و کەلوپەلی تەندروستی، سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەوە شتێکی ئەرێنیە ئەگەر یارمەتی وڵاتان بدات بۆ کڕینی پێداویستیە تەندروستییەکان.

سەرۆک ترامپ باسی لەوەش کرد کە پەیوەندی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین لە ڕەوشێکی باشدایە و باسی لە خواستی وڵاتی چین کرد بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمریکایی بە بەهای 250 ملیار دۆلار.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو دەنگۆیانەی لە وڵاتی چینەوە بڵاودەکرانەوە کە گوایە لەشکری ئەمریکا ئەم ڤایرۆسە ترسناکەی بڵاوکردۆتەوە، قسەی کاربەدەستێکی ئاستی مامناوەندی چین بووە.

سەبارەت بە ئامێرەکانی هەناسەپێدانیش، سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لەو ئامێرانە بەدەست دەهێنێت کە دەتوانێت لە کارەساتەکانی داهاتوشدا بەکاریان بهێنێت و دەشڵێت " ئەوەی زیادیش دەبێت لەو ئامێرانە، دەینێرین بۆ وڵاتانی تر."

XS
SM
MD
LG