Accessibility links

سەرۆک ترامپ دوو هەفتەی زۆر قورس لە پێشماندان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە


سەرۆک ترامپ و تیمی کۆشکی سپی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکایی دەکەن، خۆیان بۆ دوو هەفتەی زۆر قورس ئامادە بکەن لەم سەروەختی برەنگاربوونەوەیەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

سەرۆک ترامپ، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیە ڕۆژانەییەکەیدا لە کۆشکی سپی، جەختی کردەوە لەوەی ئەم دوو هەفتەیەی ئایندە زۆر قورس دەبێت، بەڵام دوای ئەم دوو هەفتەیە لەوسەری تونێلەکەوە ڕوناکی دەبینرێت. سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەیەی ئەم دوو هەفتەیەدا ژمارەکان زۆر بەرز دەبنەوە و داواش دەکات هاوڵاتیانی ئەمریکایی پشوو درێژ بن.

سەرۆک ترامپ دەڵێت " پشوو درێژیمان لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە و ئێمەش بە بڕوایەکی ئاسنین و سوربوونەوە ڕووبەڕووی ئەم پەتایە دەوەستینەوە، لەسەر ئەمریکاییەکانیشە پێکەوە کاربکەن و وابەستەی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن بن و ئەمە دۆسێی ژیان و مردنە."

دکتۆر دێبرا برێکس، ڕێکخەری کاروباری تیمی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا، وەها پێشبینی دەکات لەم قەیرانەدا بەهۆی کۆڤید 19وە، 100 بۆ 200 هەزار کەس لە ئەمریکادا گیان لەدەست بدەن.

دکتۆر برێکس دەڵێت " هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ نمونە جۆراوجۆرەکان و تەشەنەکردنی ئەم قەیرانە و ژمارەی ئەوانەی توشدەبن و هەروەها ژمارەی ئەوانەش کە بەم پەتایە دەمرن لە ستانەکانی ئەمریکادا. بە هەمان شێوەش هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ ئەزموونەکانی وڵاتانی تر و هەروەها پەرەسەندنەکان لە ئیتالیاش، تا بزانین لە داهاتوودا چیمان پێویست دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە زیادبوونی توشبووان بەم پەتایە."

سەرۆک ترامپ دەڵێت "ئەگەر بە باشی کارمان کرد و هاوڵاتیانی ئەمریکایی وابەستە بوون، ئەوا لەوانەیە ژمارەکان کەمتر ببنەوە و کاریش لەسەر ئەو پرەنسیپە دەکەین."

ئەمریکا لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی جیهانیدایە لە ڕووی ژمارەی توشبووان بە کۆڤید19 و بەپێی ئامارەکان ژمارەکە 184 هەزار کەسی توشبوو هەن بەم پەتایە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 6 هەزار کەس چاکبونەتەوە. ژمارەیئەوانەش کە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئەم قەیرانە تەندروستیە جیهانییەوە نزیکەی 4 هەزار کەسن.

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممەیدا باسی لەوەش کرد کە ئەم قەیرانە خەڵکی فێری شتی باشی تەندروستیش کردووە کە دەبێتە بارێکی باو لە ئایندەدا، وەک تەوقە نەکردن و دەست شوشتنی بەردەوام.

سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی کار دەکات بۆ دابین کردنی پێداویستیە تەندروستییەکان بۆ ستانەکانی ئەمریکا، لەوانە نیویۆرک و نیوجێرسی و لویزیانا و مەشیگان و هەروەها کالیفۆرنیا.

XS
SM
MD
LG