Accessibility links

فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاگاهی دەدات لەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا


فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک داوا لە تەواوی کارمەندانی تەندروستی سەرانسەری ئەمریکا دەکات تا بچن بەرەو ستانەکەی و یارمەتی بدەن لەم قەیرانە تەندروستیەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕووی لە ستانەکەی کردووە.

ئەندرۆ کومۆ، لە میانەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممەیدا داوای یارمەتیدانی نیویۆرکی کرد وتی "ئەمڕۆ ئێمە توشبووین و سبەینێ ئەم پەتایە لە شوێنێکی ترە و ڕێی خۆی دەبڕێت بۆ بڵاوبوونەوە بە سەرانسەری وڵاتەکەدا."

فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاگاهیشی داوە کە هێشتا ئەم پەتایە ماویەتی زەبری خۆی بوەشێنێت و دەڵێت " ئەگەر چاوەڕوانی خۆ ئامادەکردن بیت تا ڕەشەبا هەڵبکات، ئەوا کات بەسەر دەچێت."

ئەم ئاگاهیدانەی فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک لە کاتێکدایە کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیاتر لە 250 کەس لە نیویۆرک گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

فەرمانڕەوای نیویۆرک جەخت دەکاتەوە لەوەی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ڕەوشێکی تایبەت و دەگمەن نییە بە ستانەکەی، بەڵکو لە هەموو ئەمریکا دەدات و دەشڵێت هەرچ کەسێک ئەم ڕەوشە تایبەت بکات بە نیویۆرک ئەوا هەڵەیە و نکوڵی لە ڕاستییەکان دەکات و ئەم ڤایرۆسە بە وڵاتدا بڵاودەبێتەوە و هیچ دانیشتویەکی ئەمریکا لێی پارێزراو نییە.

لە ئەمریکا هەتا ئێستا زیاتر لە 140 هەزار کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ژمارەی ئەوانەش کە بەهۆی کۆڤید 19وە گیانیان لەدەستداوە، نزیک بۆتەوە لە 3 هەزار کەس.

ستانی نیویۆرک، بۆتە چەقی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکادا و وەک ئامارەکان نیشانی دەدەن زیاتر لە 66 هەزار کەس لەو ستانەدا دووچاری ئەم ڤایرۆسە بوون و تا ئێستاش لە سەرو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە لە ستانەکەدا.

XS
SM
MD
LG