Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕۆژانە سەد هەزار پشکنینی کۆرۆنا بۆ خەڵک دەکرێت


سەرۆک ترامپ ڕایدەگەیەنێت لە ئەمریکا تاقیکردنەوە یان پشکنینی تەندروستی بۆ یەک ملیۆن کەس کراوە و بەمەش وەک دەڵێت ئەمریکا لە سەرو هەموو وڵاتانی جیهانەوەیە بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەی درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە لە باخچەی کۆشکی سپی کردی، سەرۆک ترامپ ئەو پشکنین کردنانەی بە خاڵی جیاکەرەوە داناوە و وەک ئاماژەی پێکرد، هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نەیتوانیوە ئەو ژمارە پشکنینە بکات.

هەر سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەندرۆ کومۆ فەرمانڕەوای ستانی نیویۆرک کە ستانەکەی زیاتر لە 66 هەزار توشبووی هەیە بە کۆرۆنا، دەڵێت ستانی نیویۆرک لە هەموو ستانەکانی تری ئەمریکا و تەنانەت لە وڵاتی چینیش پشکنینی تەندروستی زیاتر کراوە.

ئێستا ئەمریکا بۆتە یەکەم وڵات لە جیهاندا بۆ ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ژمارەکە گەیشتۆتە سەرو 160 هەزار کەس و هەروەها نزیکەی 3 هەزار کەسیش بە کۆڤید 19 لە ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە.

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا باسی لەوەش کرد کە ڕۆژانە 100 هەزار پشکنینی تەندروستی دەکرێت لە ئەمریکادا و ئاماژەشی بە ئامێرێکی نوێ کرد بۆ پشکنینەکان کە لە چەند خولەکێکدا ئەنجامی پشکنینەکە دەخاتە ڕوو، لە کاتی قسەکردنیشیدا لەسەر ئەم بابەتە، سەرۆک ترامپ ئامێرەکەی نیشانی پەیامنێران داوە لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا.

سەرۆک ترامپ دەڵێت، پشکنینەکان خێراتر دەکرێن و لە ڕۆژی سێشەممەوە، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیە پێویستەکان، دەست دەکرێت بە ناردنی ئەو ئامێرە نوێیە بۆ نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستیەکان.

سەبارەت بە چارەسەرکردن بۆ پەتای کۆڤید 19، سەرۆک ترامپ دەڵێت چارەسەرکردن بە کلۆرۆکوین دەستی پێکردووە و 30 ملیۆن یەکەی ئەو دەرمانە گەیشتۆتە دەست حکومەتی فێدراڵی.

XS
SM
MD
LG