Accessibility links

ئەنجومەنەکانی سینات و نوێنەرانیش دەنگ لەسەر بەرنوسی هاندانی ئابوری دەدەن


ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمریکا دەڵێن، بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ گەیشتۆتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەنجومەنی سیناتی وڵاتەکەدا لەسەر بەرنوسی هاندانی ئابوری، بۆ سوک کردنی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە سیناتی ئەمریکا، بڕیارە لەمڕۆ چوارشەممەدا دەنگ لەسەر ئەو بەرنوسە بدرێت بۆ تەرخان کردنی 2 ترلیۆن دۆلار. هەر بە ماوەیەکی کەمیش دوای دەنگدانەکەی سینات، بەرنوسەکە دەبرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەوێش دەنگی لەسەر دەدرێت.

مچ مککۆنەڵ، ڕێبەری کۆمارییەکان کە زۆرترایەتین لە سیناتدا، دوابەدوای چەند ڕۆژێکی دانوستاندن لەگەڵ یاسادانەرانی کۆماری و دیموکراتەکان و وەزیری خەزێنەی ئەمریکا و هەروەها گەورە یاریدەدەرەکانی سەرۆک ترامپدا، دەڵێت، لەمڕۆ چوارشەممەدا دەنگ لەسەر ئەو بەرنوسە دەدرێت.

پێدەچێت ئەم بەرنوسی هاندانی ئابورییە، تەوژمێک بداتەوە بە ئابوری لەو ڕوانگەیەوەی 500 ملیار دۆلاری تەرخان دەکرێت وەک قەرز و وەک یارمەتیدانیش بۆ ئەو کەرت و کۆمپانیایانەی زیانێکی زۆریان لێکەوتووە، 500 ملیار دۆلاریش لەو دوو ترلیۆن دۆلارە وەک یارمەتیدانێکی ڕاستەوخۆی خێزانە ئەمریکاییەکان بەکاردەهێنرێت.بەپێی بەندەکانی ئەو بەرنوسەی هاندانی ئابوری، وەهاش چاوەڕوان دەکرێت 350 ملیار دۆلار وەک قەرز بۆ کۆمپانیا بچوکەکان و 250 ملیار دۆلاریش بۆ فراوانکردنی یارمەتیدانی بێکاران تەرخان بکرێن.

چەک شومەر، ڕێبەری دیموکراتەکان لە سیناتدا دەڵێت 100 ملیار دۆلاریش تەرخان دەکرێت بۆ نەخۆشخانەکان و سیستەمە تەندروستییەکان و هەروەهاش بۆ دابینکردنی پێداویستیە تەندروستییەکانی تر.

XS
SM
MD
LG