Accessibility links

مایک ئیسپەر: ئەمریکا دەتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەجێبگەیەنێت لەم سەروەختی کۆرۆنایەدا


وەزیری بەرگری ئەمریکا دەڵێت وڵاتەکەی بە سەروەختێکی قورسدا تێدەپەڕێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەمریکا دەتوانێت هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات لەم سەروەختی بڵاوبوونەوەیەی کۆرۆنادا.

مایک ئیسپەر دەڵێت پەنتاگۆن هەرچییەکی لە توانادابێت دەیکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە تەندروستیە و دەشڵێت "بەڕێوبەرایەتی و لەشکری ئەمریکاش هەرچی هەنگاوێکی پێویست بن دەیگرنەبەر بۆ پاراستنی گەل و لەشکری ئەمریکاش."

وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا باسی لەو هەنگاوانەش کرد کە پەنتاگۆن گرتونیەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید 19 و جەختی کردەوە لەوەی 3 بەرنامە هەن لە ڕیزبەندی یەکەمدان و بریتین لەپاراستنی سەربازە ئەمریکاییەکان و پاراستنی توانایی بەرگریی ئەمریکا و هەروەهاش پشتیوانیکردنی حکومەتی ئەمریکا بۆ پاراستنی گەلی ئەمریکا.

مایک ئیسپەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا باسی لەوەش کرد کە لەشکر، هەزاران کەسی لە یەکەکانی پاسەوانانی نیشتمانەوە لە پەنجا ستانی ئەمریکاوە ناردووە بۆ ژمارەیەک ناوچە، ئەمە بێ لە دانانی نەخۆشخانەی گەڕۆک لە دوو شاری گەورەی ئەمریکادا و هەروەهاش ناردنی دوو کەشتی کە نەخۆشخانەن و تایبەتن بە هێزی دەریایی ئەمریکا و نێردراون بۆ کەنارەکانی هەردوو شاری نیویۆرک و لۆس ئانجلس.

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەشی بەوەکرد توێژەرەوە زانستییەکانی لەشکریش بەشدارن لەو هەوڵە فرە ڕەهەندیانەی دەدرێن بۆ دۆزینەوەی دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کۆڤید 19.

XS
SM
MD
LG