کۆمەڵگەکانی خێڵە ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان لە سەرانسەری ئەمەریکا هاوکاری یەکتر دەکەن بۆ پاراستنی خێزان و کۆمەڵگەکانیان لە پەتای کۆڤد 19. ئەوان دەڵێن ترسی کەمی دەرمان و کەرەستەیان هەیە بەتایبەتی کەرەستەکانی تاقیکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دەزگای خزمەتگوزاری تەندروستی ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان ( سوورپێستەکان) کە بەشێکە لە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمەریکا، دەڵێت لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆشکی سپی و نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان. لە بڵاوکراوەیەکی ئامارەکاندا کە لەسەر ماڵپەڕی دەزگاکەیان بڵاوکراوەتەوە، خوێنەران دڵنیادەکاتەوە کە هەمو بنکە تەندروستییەکانی دەزگای خزمەتگوزاری تەندروستی ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان، تاقیکردنەوەی بۆ کۆڤێد 19 تیادا دەکرێت.
بەڵام ژمارەیەک لە خێڵەکان نیگەرانیان لەمەڕ کەمی کەرەستەی تاقیکردنەوەکان هەیە. ڕادنی بۆردیۆکس سەرۆکی یەکێک لە خێڵەکانی ئەمەریکاییە ڕەسەنەکان لە داکۆتای باشور دەڵێت " ئێمە لەو بڕوایەداین ژمارەیەک لەو پێداویستیانە ڕەوانەی ویلایەتەکان کراون بەڵام ویلایەتەکانن کە بڕیار دەدەن چۆن دابەش دەکرێن." ئەو دەشڵێت " ئێمە نزیکەی 30 هەزار ئەندامی خێڵەکەمان هەیە کە لە باشوری ناوەڕاستی داکۆتای باشور دەژین و یەکە تەندروستییەکانمان تەنها جێگەی 200 قەرەوێڵەی هەیە."
ئارۆن پەیمنت سەرۆکی خێڵی ساوڵت ست ماری چیپێوا، لە ویلایەتی مشیگەن، ڕەخنە لە حکومەتی فێدراڵی ئەمەریکا دەگرێت و دەڵێت بەرپەرچدانەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسی زۆر بە خراپی بووە.
ئەو دەڵێت ئێمە گەورەترین خێڵی ئەمەریکاییە ڕەسەنەکانین لە ڕۆژهەڵاتی مسیسپی و تەنها دوو ئامێری تاقیکردنەوەمان هەیە.