Accessibility links

ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەستداوە زیاد دەکات


کاربەدەستانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند لە دەرئەنجامی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 97 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە بەمەش ژمارەی ئەوانەی بەو ڤایرۆسە لە وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە دەگاتە 611 کەس و هاوکات 12.729 کەسیش تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەسەرتاسەری توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ئێران خراپترین وڵاتە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڤایرۆسەکە تیایدا تۆمارکرابێت هەم لە ڕووی زیادبوونی دۆسێکان و هەم لە ڕووی ئاماری ئەوانەش کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتیش لە ئێران توشی ئەو ڤایرۆسە بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتیەوە پەیامێکی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت، ڕێوشوێنی نوێ دەگیرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی نێوان شارەکان، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تری لەوبارەیەوە نەداوە.

گومانەکان لەسەر ڕێژەی ڕاستەقینەی توشبووان لە ئێران زیادی کردووە کە وا پێدەچێت ژمارەی حاڵەتەکان زۆر لەوە زیاتربن کە حکومەت تا ئێستا بڵاوی کردۆتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێران لە ئێستادا زۆر بە ئاشکرایی لەوبارەیەوە لێدوان دەدەن.

XS
SM
MD
LG