Accessibility links

ڤایرۆسی نوێی کرۆنا دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێی چینی


ڤایرۆی کۆرۆنا بۆتە هۆی تێکچوونی ڕێوڕەسمەکانی سەری ساڵی نوێی چینی بۆملیۆنان کەس لە چین.

کۆمسیۆنی نیشتمانی تەندروستی چین دەڵێت هەتا ئێستا ئەو ڤایرۆسە نوێیە 41 کەسی کوشتووە و 1200 کەسیش لە 29 پارێزگای جیاوازی سەرانسەری وڵاتەکە توش بوون.

15 کارمەندی تەندروستیش لە نێو توشبووەکاندان و پزیشکێکیش گیانی لەدەستداوە.

لەو کاتەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆتایی ساڵی ڕابوردوو لە شاری وهانەوە سەریهەڵداوە سەدان کارمەندی تەندروستی ڕەوانی ناوچەکە کراون.

شاری وهانیش لەگەڵ شانزە شاری تر بۆ ماوەیەکی کاتی داخراون لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤیارۆسەکە.

حکومەتی خۆجێهی ئەو شارەی کە ڤایرۆسەکە زۆر بە خراپی کاریتێکردووە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند " پێویستە ڕێگە نەدرێت ئۆتۆمبێلەکان لە ناوەندی شارەکە هاتوچۆ بکەن."

دزنیلاندی شانگهای لە دەمی داخستنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا 25 ی مانگی 1 ی 2020
دزنیلاندی شانگهای لە دەمی داخستنی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا 25 ی مانگی 1 ی 2020

مۆزەخانەی بەناوبانگی بێژینگ بە ناوی Forbidden Cityو دیزنیلاندی شانگهای بە تەواوەتی داخراون. شوێنە بەناوبانگەکانی وەکو شاری ساندیا لە پارێزگای هاینان هەمو شوێنی گەشتیارانی داخستووە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

هۆنگ کۆنگ باری نائاسایی ڕاگەیاندووە و بە شێوەیەکی فەرمی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێی چینی ڕاگرتووە و خوێندنگاکان داخراون.

ئەو ڤایرۆسە لەسەرخۆ خەریکە لە جیهانیشدا بڵاو دەبێتەوە. لە کاتێکدا پێنج حاڵەت لە تایلاند ڕاگەیەندراوە. ئوسترالیشاش چوار حاڵەتی ڕاگەیاندووە. فەرەنسا، ژاپۆن، مالیزیا و تایوانیش هەر یەکەیان سێ حاڵەتیان لە وڵاتەکانیان ڕاگەیاندووە. ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڤێتنامیش هەر یەکەو دوو حاڵەتیان پشتڕاست کردۆتەوە. لە نیپاڵیش یەک حاڵەت ڕاگەیەندراوە.

XS
SM
MD
LG