Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت ئەنجومەنی نوێنەران بەرنوسی بڕیارێک بۆ سنوردارکردنی کرداری لەشکری دژ بە ئێران پەسەند بکات


چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجومەنی نوێنەران بەرنوسی بڕیارێک پەسەند بکات و تیایدا داوا بکات لە سەرۆک ترامپ لەشکر بەکارنەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دوژمنکاری لەگەڵ ئێراندا.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ناسی پیلۆسی لەو بەیاننامەیەدا دەنگدانەکەی ڕاگەیاند کە تیایدا ڕەخنەش لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گیراوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە ئاسمانییەی هەفتەی ڕابوردوو، کە تیایدا قاسم سولەمیمانی فەرماندەی گشتی هێزەکانی قودی ئێرانی کوژرا، بەبێ تاوتوێکردنی لە کۆنگرێس.

ئەو هێرشە ئاسمانییەکەی بە کردارێکی " وروژێنەر و نەگونجاو" لەقەڵەمدا کە هێزەکانی ئەمەریکا و دیپلۆماتان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەو بەرنوسی بڕیارە داوا لە سەرۆک دەکات بەکارهێنانی هێزی ئەمەریکا دژ بە ئێران ڕابگرێت مەگەر کۆنگرێس بڕیاری جەنگ بدات یان بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگەی بەکارهێنانی هێز بدات و یاخود لە کاتێکدا کردارێکی وا ئەنجام بدرێت پێویست بێت بۆ شکسپێدانی هێرشێکی نزیک دژ بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ناوچەکانی سەر بە ئەمەریکا یان هێزە سەربازەییەکانی.

نانسی پیلۆسی دەڵێت " دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ کۆنگرێسدا کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی دەستبەجێ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە و ڕێگەگرتن لە توندوتیژی زیاتر، ئەمەریکا و جیهان ناتوانن بەرگەی شەڕ بگرن."

لە کاتێکدا دیموکراتەکان زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بەرنوسە بە ئاسانی پەسەند بکرێت. بەڵام چارەنوسی بەرنوسەکە لە سیناتی زۆرینە کۆماریدا نادیارە.

کاربەدەستە باڵاکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە ناویاندا وەزیری دەرەوە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر و بەڕێوەبەری CIA جینا هاسپێل ڕۆژی چوارشەممە چوونە کۆنگرێس بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆنگرێس لە ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتیش ئاگادار بکەنەوە سەبارەت بە چۆنییەتی ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکەی دژ بە قاسم سولەیمانی.

زۆربەی دیموکراتەکان ڕەخنەیان لە دانیشتنەکە گرت و گوتیان وردەکاری تێدانەبووە بۆ ڕەوایدان بە هێرشەکە. کۆمارییەکان، چەند کەسێکیان نەبێت، پشتیوانی لە کردارەکانی بەڕێوەبەرایەتییە دەکەن.

سیناتۆری کۆماری مارکۆ ڕوبیۆ گوتی " من بڕوام بەوە هەیە ئەگەر ئەو بڕیارە نەدرایە، دەشیا ئەمڕۆ ئێمە لێرە باسمان لە مەرگی دەیان ئەمەریکایی، ئەگەر سەدان نەبوایە، بکردایە بەدەستی چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ڕژێمی ئێران."

سیناتۆری دیموکرات تیم کەین گوتی لێدوانەکانی کاربەدەستان " لەگەڵ ئەو بۆچونە ناگونجێت کە من بە هەڕەشەیەکی ڕاستی دەزانم."

XS
SM
MD
LG