Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و تالیبان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دەستپێبکەنەوە


چاوەڕوان دەکرێت شاندی باڵای ئەمە‌ریکا بۆ ئەفغانستان زاڵمای خەلیل زاد لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ شاندی تالیبان لە قەتەر کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایە ئەو گروپە یاخیبووە ئامادەیە توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان کەم بکاتەوە لە پێناو دەستپێکردنەوەی وتووێژی ئاشتی.

کاربەدەستێک لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کابول، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕۆژی پێنجشەممە ئەم زانیارییەی ئاشکرا کرد نزیکەی سێ هەفتە پاش ئەوەی خەلیلزاد وتووێژەکانی بەهۆی هێرشێکی گەورەی تالیبان بۆ سەر بنکەیەکی لەشکری ئەمەریکا لە پایتەختی ئەفغانستان ڕاگرت.

ئەو کاربەدەستەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا گوتوشیە ڕێبەرایەتی تالیبان لە مشومڕە ناوخۆییەکاندا تاوتوێی ئەم بابەتەیان کردووە و خەلیلزاد هەوڵ دەدات لە کۆبونەوەی داهاتوودا دەرەنجامەکانی ئەو مشتومڕانە بزانێت.

لە دواین دانیشتنیدا لەگەڵ شاندی تالیبان لە دۆها کە لە 12 ی مانگی 12 بەڕێوە چوو، خەلیلزادی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی، داوای لە ئەندامانی شاندەکە کرد تاوتوێی ئاگربەستێکی کاتی یان کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان لەگەڵ بەرپرسەکانیان بکەن بەر لەوەی هەردوولا بتوانن بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحولا موجاهد لە سەرەتای ئەم هەفتەیە پشتڕاستی کردەوە ڕێبەرەکانیان مشتومڕێکی ناوخۆییان لەوبارەیەوە ئەنجام داوە و ئەوان تەنها سەرنجیان خستۆتە سەر ئەو خاڵی کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژییەکان دژ بە سەربازانی بیانی.

موجاهد سوریش بوو لەسەر ئەوەی تالیبان هیچ خواستێکی نییە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری لەگەڵ هێزەکانی ئەفغانستاندا و دەڵێت ئەم بابەتە لە کاتی دەستپێکردنی وتووێژی نێوان تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان تاوتوێ دەکرێت.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ ئەفغانسان جۆن لە میانەی وتووێژێکیدا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ کەناڵێکی دەنگوباسی خۆجێهی باسی ئەم بابەتەی کرد.

باس گوتی " زۆر گرنگە بەر لەوەی ئێمە وتووێژەکانمان دەستپێبکەینەوە، پێویستە ئەوان نەک بەتەنها بە ئێمە بەڵکو بە هاووڵاتیانی ئەفغانی خۆیان کە لە ناکۆکییەکاندا دەمرن، بڵێن تالیبان ئامادەیە کاری جیاواز بکات و داهاتوویەکی جیاواز هەڵبژێرێت."

ئەو گوتیشی واشنتن چاوەڕوان ئەوە ناکات " کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان یان ئاگربەست تەنها لە نێوان تالیبان و هێزەکان بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت. پێویستە بریتی بێت لە هێزەکانی ئەفگانستانیش ئەگەر نا ئەوا توندوتیژییەکان کەم نابنەوە چونە زۆربەی توندوتیژییەکانی کە لە وڵاتەکەدا ڕوودەدەن دژی هاووڵاتیانی ئەفغانین" .

وتووێژی یەک ساڵەی نێوان ئەمەریکا و تالیبان لەسەر بنەمای ئەوەیە ئەو گروپە یاخیبووە ڕێگە نەدات خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشی تیرۆرستی دژ بە وڵاتانی تر بەکاربێت و هەروەها وتووێژی نێوان ئەفغانییەکان دەستپێبکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کێشە ناوخۆییەکان.

لە بەرامبەریشدا پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان بکشێنەوە. ئەمەش داواکاری سەرەکی یاخیبوەکانە.

XS
SM
MD
LG