Accessibility links

ئەمەریکا بەرگری لە هێرشە ئاسمانییەکەی دژ بە ملیتانەکانی سەر بە ئێران دەکات


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرگری لە بەکارهێنانی هێرشی ئاسمانی دژ بە ملیتانەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا دەکات و هۆشداری دەدات بۆی هەیە جارێکی تر هێرش بکاتەوە، سەرەڕای ڕەخنەیەکی زۆر لەلایەن کاربەدەستە باڵاکانی عێراق و مەترسی هەڕەشەی نوێ لەلایەن خودی ئەو گروپە چەکدارەوە.

کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕێگەنادات ئێران بەو جۆرە هێزە بەکرێگیراوەکانی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.

سەرۆک وەزیری کاربەڕێکەری عێراق، عادل عەبدولمەهدی، ڕۆژی دووشەممە بە ئەندامانی کابینەتەکەی گوتی هەوڵی داوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا ڕابگرتێت بەڵام نەیتوانیوە بڕاو بە کاربەدەستێکی ئەمەریکا بهێنێت بۆ ڕاگرتنی. بەلایەنی کەم 25 کەس لەو هێرشانەدا کوژروان و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

عادل عەبدولمەهدی گوتیشی " پێم گوتن ئەمە کارێکی زۆر مەترسیدارە و داوام کرد ڕووبەڕوو لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکاندا تاوتوێ بکرێت نەک بەڕێگای تەلەفۆن. ئەو گوتی بڕیارەکە دراوە و من ئاگادارت دەکەمەوە. تەنانەت ئێمە هەوڵمان دا ڕێبەرانی ئاسایشی لێ ئاگادار بکەینەوە چ لەشکر یان حەشد."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا چەند وێنەیەکی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ سەر ملیتانەکانی کەتایب حزبوڵا کە ئێران پشتیوانیان لێ دەکات، بڵاو کردۆتەوە و بە تۆڵەکردنەوەی هێرشە موشەکییەکانی ڕۆژی شەممە بۆ سەر بنکەیەکی لەشکری عێراقی ناودێری دەکات کە کارمەندێکی گرێبەستی ئەمەریکای تیادا کوژرا.

XS
SM
MD
LG