Accessibility links

نوێنەری ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان لەبەردەم یاسادانەران ئامادە دەبێت


بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زاڵمای خەلیلزاد لەبەردەم کۆمیتەیەکی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبێت بۆ وەڵام داوەنەوەی پرسیارەکان لەسەر ئەو وتووێژە ئاشتیانەی کە لەگەڵ تالیبان ڕاگیران و بەرنامەکانی لەمەودوای بەڕێوەبەرایەتی ترامپ.

ئەندامی کۆنگرێس ئیلۆت ئێنجڵ کە سەرۆکایەتی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، ڕاگەیاندنێکی ڕاگەیاند و تیایدا دوا لە خەلیلزاد دەکات گەواهی بدات. لەو بەیاننامەیەی ڕۆژی چوارشەممەدا دەشڵێت پاش چەند ڕۆژی وتووێژکردن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، ئەو نوێنەرە دەچێتە بەردەم یاسادانەران بۆ گەواهیدانێکی تایبەت.

ترامپ لە سەرەتای ئەم مانگە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ڕایگەیاند پلانێکی نهێنی بۆ کۆبونەوەی کاربەدەستانی تالیبان و سەرۆکی ئەفغانستان لە کامپ دەیڤد هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەو گوتی کۆبونەوەکەو وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ تالیبان هەڵدەوەشێنێتەوە پاش ئەوەی کە تالیبان بەردەوام بوون لە سەر هێرشەکانیان بۆ کابول و لەو هێرشانەدا سەربازێکی ئەمەریکاش کوژرا.

خەلیلزاد 9 خولی وتووێژی لەگەڵ نوێنەرانی تالیبان لە دۆحای قەتەر ئەنجام دا و ماوەیەکی کورت بەر لەوەی ترامپ وتووێژەکان هەڵبوەشێنێتەوە ئەو ڕایگەیاند کە لەسەر شتە پرنسیپییەکان ڕێککەوتوون لەگەڵ تالیباندا.

بە پێی ئەو بەرنامەیە دەبوو ئەمەریکا 5 هەزار سەرباز لە کۆی 14 هەزار سەربازەکەی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە و تالیبانیش پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەقاعیدە ببچڕێت و دڵنیایی ئەوە بدات کە خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشی تیرۆرستی دژ بە ئەمەریکا بەکار نەیات.

مەبەست لە ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تالیبان ئەوە بوو کە ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وتووێژەکانی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تالیبان تا کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت کە لە ساڵی 2001 وە دەستیپێکردووە.

XS
SM
MD
LG