Accessibility links

باوباهۆزی دۆریان زیانێکی زۆر بە دوورگەکانی بەهاماس دەگەیەنێت و بەرەو باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەڕوات


لە دوورگەکانی بەهاماس ڕۆژی چوارشەممە سەرنج لەسەر هەوڵەکانی ڕزگارکردن و بەهاناچوونە پاش ئەوەی باوباهۆزی دۆریان لە کۆتاییدا بەرەو باکوور دەڕوات پاش ئەوەی بووە مایەی لافاو، ڕووخاندنی خانووبەرەو باڵەخانەکان لە چەندین ناوچە و بە هەزاران کەس پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.

سەرۆک وەزیر هەبێرت مینیس دەڵێت هەتا ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە کە حەوت کەس گیانیان لەدەست داوە بەهۆی ئەو باوباهۆزە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ژمارەکە زیاد بکات. ئەو بەڵێنی دا بە هەمو جۆرێک هاوکاری ئەو خەڵکە دەکرێت کە زیانیان پێگەیشتووە.

نێوەندی نیشتمانی باوباهۆزی ئەمەریکا دەڵێت ئاوی لافاوەکە لە دوورگەکانی گراند بەهاما و ئەباکۆ ئیتر هێواش هێواش کەم دەبێتەوە.

هەوڵەکانی هاوکاری کردن تێکچوو بەهۆی ئەوەی کە باوباهۆزەکە لە دوورگەکان زۆر مایەوە و بایەکەشی زۆر بەهێز بوو لەگەڵ بارانێکی زۆردا ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی ڕێڕەوی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی گراند بەهاما پڕبێت لە ئاو.

ڕێکخراوەی خاچی سور دەڵێت دۆریان زۆر بە سەختی نزیکەی نیوەی ماڵەکانی لە گراند بەهاما و ئەباکۆ وێران کردووە و نزیکەی 62 هەزار کەس پێویستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 60 هەزار کەس پێویستیان بە هاوکاری هەیە پاش ئەوە باوباهۆزە.

هێزی باوباهۆزی دۆریان کەم بۆتەوە لە کاتێکدا بەرەو باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا دەڕوات بەڵام هەر مەترسیدار دەمێنێتەوە.

نێوەندی باوباهۆزی نیشتمانی ئەمەریکا سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێشتا باوباهۆزەکە خێرایی بایەکەی زۆر بەهێزەو لە کاتژمێرێکدا 165 کیلۆمەتر دەڕوات و بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرەو کەنارەکانی فلۆریدا و جۆرجیا دەڕوات. ولایەتەکانی کارۆلاینای باشوور و کارۆلاینای باکووریش بۆ ڕۆژانی پێنجشەممەو هەینی لەمەترسیدا دەبن.

XS
SM
MD
LG