Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕاگرتنی شەڕی بازرگانی لەگەڵ چین ڕادەگەیەنێت و دەڵێت وتووێژەکان دەستپێدەکەنەوە


سەرۆک دانۆڵد ترامپ و سەرۆکی چین شی جینپینگ ڕۆژی شەممە کۆک بوون لەسەر ئەوەی لە ئێستاداشەڕی بازرگانی نێوان وڵاتەکانیان ڕابگرن.

ترامپ گوتی ئەو باجی گومرگەی ئەمەریکا لەسەر هاوردەکانی چین دایناوە هەر دەمێنێتەوە لە کاتێکدا وتووێژەکان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەو هەڕەشەیەی کە کردبووی بۆ دانانی گومرگی زیاتر لەسەر کاڵا چینییەکان کە بە بڕێ ملیاران دۆلارە لە ئێستادا ناسەپێندرێت. ئەو گوتیشی ئەمەریکا و چین دەستدەکەنەوە بە وتووێژەکانیان لەسەر بازرگانی.

ترامپ ئەم قسانەی پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ شی کرد لە پەراوێزی کۆبونەوەی گروپی 20 لە ئۆساکای ژاپۆن. سەرۆکی ئەمەریکا ڕایشیگەیاند پەیوەندییەکان لەگەڵ چین لە ئێستادا ئاسایی بۆتەوە، بەڵام باسی لە خواستی هەردوو وڵات نەکر بۆ لەبەردانواندن لەسەر چارەسەرێکی درێژ دەم.

شایانی باسە هەتا ئێستا 11 خولی وتووێژی نێوان هەردوو وڵات بۆ ڕاگرتنی شەڕی بازرگانی شکستی هێناوە. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باجی گومرگی 25٪ ی بۆ بەبڕی 250 ملیار دۆلار کاڵایی چینی داناوە و هەڕەشەی کردووە کە بڕی 300 ملیاری تریش دەکاتە ئامانج بەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو هەمو کولوپەلێکی چینی گران دەکات. چینیش بە دانانی باج لەسەر کاڵا ئەمەریکاییەکان وەڵامی دایەوە کە بریتی بوون لە بەرهەمی کشتوکاڵ.

کۆبونەوەکەی ڕۆژی شەممەی نێوان هەردوو ڕێبەر بابەتی سەرەکی گەشتە دیپلۆماسییە چوارڕۆژییەکەی سەرۆک ترامپە بۆ ئاسیا، لە کاتێکدا بەهۆی ئەم شەڕە بازرگانییە کە کاریکردۆتە سەر جوتیارە ئەمەریکاییەکان هەڵبژاردنەوەی سەرۆک تراپ لە مەترسیدایە.

سەرۆک ترامپ گوتی وتووێژەکەی لەگەڵ شی " لەوە باشتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا".

XS
SM
MD
LG