Accessibility links

ئێران هۆشداری دەدات وەڵامی توندی دەبێت بۆ هەر هێرشێکی ئەمەریکا


ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەستبەجێ وەڵامی هەر هێرشیک دژی دەداتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران عەباس موسەڤی بە ئاژانسی دەنگوباسی نیمچە فەرمی تەسنیمی ڕاگەیاند ئێران ڕێگە نادات هیچ لە سنوورەکانی پێشێل بکرێن. ئەو گوتیشی ئێران زۆر بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک دەبێتەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە بکرێت.

وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە سەردانی تاران دەکات بۆ وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی. ئۆفیسی دەرەوەیی بەریتانیا دەڵێت ئەندرۆ مۆریسۆن داوا دەکات دەستبەجێ ئاستی ناکۆکییە پەرەسەندووەکانی هەرێمەکە کەمبکرێنەوە.

ڕۆژی هەینی سەرۆک ترامپ لە تویتێکدا ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئامادە بوو بۆ تۆڵەکردنەوەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە بەڵام وەک نوسیویەتی " کاتێک پرسیارم کرد چەند کەس لەم هێرشەدا دەمردن، ژەنەڕاڵێک پێی وتم 150 کەس. دە خولەک بەر لە هێرشەکە من ڕامگرت."

ترامپ گوتوشیەتی " من پەلەم نییە."

سەرۆک گوتیشی ئەو شەوی پێنجشەممە وەکو بەشێک لە هەڵمەتەکانی ئەوپەڕی فشار بۆ سەر ئێران، سزای زیاتری بۆ سەر ئەو وڵاتە پەسەند کرد تا وتووێژەکان بۆ ڕاگرتنی پرۆگرامی ناوکی دەستپێبکاتەوە.

ترامپ لە تویتێکدا ڕایشیگەیاند " ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ناوکی هەبێت، نە دژی ئەمەریکا و نە دژی جیهان."

ڕۆژی هەینی سەرۆک ترامپ لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمانی عەرەبستانی سعودیەشدا قسەی کرد. گوتەبێژی کۆشکی سپی هۆگن گیدلی گوتی " هەردوو ڕێبەر باسیان لە ڕۆڵی گرنگی عەرەبستانی سعودیە کرد لە مسۆگەرکردنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازاری نەوتی جیهانیدا." ناوبراو گوتیشی ئەوان هەروەها باسیان لە هەڕەشەکان و ڕەفتارە وروژێنەرەکانی ڕژێمی ئێرانیش کردووە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیلۆسی ڕۆژی هەینی گوتی " ئێمە لە ڕەوشێکی هەرە مەترسیدار و هەستیارداین لەگەڵ ئێراندا. پێویستە وەڵامێکی وامان هەبێت کە ڕەوشەکە ئارام بکاتەوەو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا پێشبخات، و پێویستە ئێمە ڕوون بین لەسەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان چین." خانم پیسلۆسی گوتیشی هەر کردارێک دژ بە ئێران پێویستە سەرەتا لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند بکرێت.

XS
SM
MD
LG