Accessibility links

فریدەم هاوس: ئازادی ڕاگەیاندن لە ماوەی 10 ساڵی ڕابوردۆوە لە سەرانسەری جیهان لە نزمترین ئاستدایە


ڕێکخراوی فریدەم هاوس Freedom house ی بنکە لە واشنتن ڕاپۆرتی ساڵانەی 2019 ی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت مافەکانی سیاسی و ئازادی سڤیل لە 13 ساڵی لەسەر یەک لە ساڵی 2005 وە هەتا ساڵی 2018 بەردەوام بەرەو خراپتربوون دەڕوات. ئەم کێشەیەش لە چەندەها وڵاتانی جیاوازدا بەدی کراوە هەر لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بگرە، کە ڕابوردوویەکی دێژدەمی دیموکراسی هەیە، هەتا دەگاتە وڵاتانی تاکڕەوی وەکو چین و ڕوسیا.

هەمو ناوچەیەکی جیهان جگە لە ئاسیا پاسفیک لە ساڵی 2018 ڕێژەی ئازادی تیایدا بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کەمتر بۆتەوە.

ڕاپۆرتەکەی فریدەم هاوس دەڵێت ڕێبەران لە ئێستادا ڕێگای نوێ بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا. ڕاپۆرتەکە ڕەخنەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە دەزگای ڕاگەیاندن بە ڕوداوێکی هەرە جێگای نیگەرانی ساڵەکە ناودێر دەکات و باس لە زیانەکان بۆ سەر میدیا دەکات.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت دەستوری ئەمەریکا زۆر بە توندی دژی ئەو کردارانەیە، بەڵام دەشڵێت سەرەڕای ئەمە لێدوانە گشتییەکانی ترامپ کاریگەرییەکی ڕوونی هەبووە لەسەر ژینگەی میدیا لە سەرانسەری جیهاندا.

فریدەم هاوس باسی خرابوونی ڕەوشی ڕاگەیاندنی لە چەندین وڵاتانی ئەوروپاش کردووە لە ناویاندا هەنگاریا و سڕبیا. ڕاپۆرتەکە دەڵێت ڕێبەرەکانی هەر دوو وڵات هەوڵیان داوە ئەو میدیایانەی کە کاریگەرییان بەسەر خەڵکەوە هەیە پشتیوانی حکومەت بکەن و ڕەخنە لە هەر بەرهەڵستێک بگرن.

لەو ڕاپۆرتەدا باسی چەندین وڵاتی تریش کراوە کە تیایدا ئازادی بە گشتی و بە تایبەتی ئازادی ڕاگەیاندن لە مەترسیدان، لە ناویاندا تورکیا، ئێران و عێراقیش.

XS
SM
MD
LG