وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ ڕۆژی پێنجشەممە کۆبونەوە بۆ 70 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە هاوکاتی جیاوازییەکان لە نێوان ئەندامەکاندا لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایش و بازرگانی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ کۆبونەوەکەی دەستپێکرد بە داخوازی کردنی یەکگرتووی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرفتانەی بەهۆی ڕوسیا، چین و ئێرانەوە دێنە ئاراوە.
پەمپەیۆ ستایشی ڕۆڵی ناتۆی کرد بۆ بەرامبەر وەستانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو هاوکاتی شەڕی سارد، هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد هاوپەیمانێتی ناتۆ پێگەیەکی تۆکمەی هەبوو و توانی هەنگاوی گەورەی بەرەوپێشچوون بنێت و هاوکاتیش بەرەنگاری ئاستەنگە نوێ و تازە سەرهەڵداوەکانیش دەبووەوە.
بەڵام قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ تورکیادا لەسەر پلانەکەی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ڕوسیاسی و داواکاری ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانانی بە تایبەتی ئەڵمانیا بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەردەوامبوونی ڕێکخراوەکە.
پەمپەیۆ گوتی " ئێمە بە ڕێگەیەکی دروست هەوڵی ئاشتیمان داوە لە ڕێی بەهێزکردنی ناتۆوە، پێویستە بەردەوام بین بە تایبەتی لەم قۆناغە نوێیەی بەربەرەکانی دەسەڵات لەلایەن ڕوسیا چین و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکرێت."
ئەو گوتیشی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەو گرفتەکانی تری وەکو تیرۆرسم، ئاسایشی ئینتەرنێت، کۆچبەری، هەڕەشەی ئاسایشی وزە و تێکنالۆژیای نوێ پێویستی بە زیادکردنی سەرچاوەکانە. پەمپەیۆ گوتی هەمو ئەندامێکی ناتۆ بەرپرسیارێتییەکی هەیە بۆ ئەوەی بۆ هاووڵاتیانی ڕوون بکاتەوە کە زیادکردنی بودجەی بەرگری چەند گرنگە.