Accessibility links

ئەمەریکا و ڕوسیا تاوتوێی بژاردەکان دەکەن بۆ لادانی بەربەستی گەشتکردن لەسەر ڕێبەرانی تالیبان


نوێنەری ئەمەریکا بۆ وتووێژی ئاشتی لەگەڵ تالیبان دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا کۆکن لەسەر ئەوەی تاوتوێی بژاردەکان بکەن بۆ مسۆگەرکردنی لادانی بەربەستی گەشتکردن بۆ ئەو نوێنەرانەی تالبیان کە بەشداری لە تووێژەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئەفغانستان دەکەن.

لادانی بەربەستی گەشتکردن بۆ ڕێبەرانی تالیبان لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەو گروپە ئیسلامییە توندڕەوە لەو کاتەوەی وتووێژەکان لە ساڵی 2018 وە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی 17 ساڵەی ئەفغانستان دەستیپێکردووە.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی زاڵمای خەلیلزاد، کە ڕێبەرایەتی وتووێژەکان لەگەڵ تالیباندا دەکات، ڕۆژی هەینی لە ئانکەرە تاوتوێی ئەم بابەتەی لەگەڵ هاوشانە ڕوسیاییەکەی زەمیر کابۆلۆڤ کرد.

خەلیلزاد لە تویتێکدا نوسیویەتی " من و باڵیۆز کابۆلۆڤ باسمان لە بەربەستەکانی گەشتکردن بۆ وتووێژەکان کردووە. ئێمە تاوتوێی بژاردەکان دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی لابردنی بەربەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشتکردنی وتووێژەکرانی تالیبان تا بەشداری لە تووێژەکانی ئاشتیدا بکەن."

چەند کاربەدەستێکی ئەمەریکا کە لە نزیکەوە ئاگاداری وتووێژەکانن دەڵێن لابردنی بەربەستی گەشتکردن بۆ هەندێک لە ڕێبەرانی تالیبان ڕەنگە ببێتە هۆی خێراکردنی وتووێژەکانی ئاشتی.

تالیبان ئەفغانستان دەڵێت ڕۆژی دووشەممە وتووێژەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قەتەر دەستپێدەکاتەوە، و سورە لەسەر ئەوەی کۆبونەوەکە پۆسیتیڤانە دەبێت، سەرەڕای پروپاگەندەکان دژ بە پرۆسەی ئاشتی.

هەفتەی ڕابوردوو تالبیان بەشداری لە وتووێژەکان لە پاکستان نەکرد پاش ئەوەی حکومەتی ئەفغانستان ناڕەزایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕی دژ بە ڕێبەرانی تالیبان کە سەرپێچی بەربەستی گەشتکردنیان کردووە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابوردوودا نوێنەرانی تالیبان سەردانی تاران، بێژینگ و مۆسکۆیان کردووە.

XS
SM
MD
LG