Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی خۆکوژی سێ ئەندامی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان دەکوژرێن


هێزەکانی پشتیوانی ناتۆ لە ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند سێ لە سەربازەکانیان کوژراون لە کاتێکدا هێرشێکی خۆکوژی کرایە سەریان.

سەربازێکی ئەمەریکایی و دوو سەربازی هێزی نیشتمانی ئەفغانیش بریندار بوون لەو هێرشەدا.

ژەنەڕاڵی لەشکری ئەمەریکا جۆن نیکلسن سەرکردەی هێزی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕایگەیاند " هاوخەمی خۆمان بۆ تەواوی هێزەکان دەردەبڕین و هابەشینی خەمی خێزان و دۆستەکانی ئەوانەین کە گیانیان بەختکردووەو بریندار بوون و هەروەها برا ئەفغانییەکانی کە بریندار بوون و خێزانەکانیان."

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەوە ڕانەگەیەندراوە کە کوژراوەکان خەڵکی چ وڵاتێکن.

نیکلسن گوتیشی " قوربانیدانی ئەوان لە پێناو بەهێزکردنماندا لە دڵی ئێمەو لە مێژوودا دەمێنێتەوە".

ناتۆ ڕاینەگەیاندووە هێرشەکە لە چ شوێنێکی ئەفغانستان ڕوویداوە. تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنەکەی هێزەکانی ناتۆ تالیبان ڕایگەیاند هێرشیکی تاکتیکی لە دژی کاروانێکی لەشکری ئەمەریکا لە پارێزگای پاروان ئەنجام داوە کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر دوورە لە کابولی پایتەختی ئەفغانستانەوە.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهد ڕایگەیاند ئەو هێرشەی کە لە چیرکاری پایتەختی پارێزگاکە ئەنجام درا هەشت سەربازی ئەمەریکایی کوشتووە یان بریندار کردووە، هەرچەندە زۆربەی جار ئەوان زیادەڕەوی لە ئامارەکاندا دەکەن.

لەلایەکی ترەوە کاربەدەستێکی ئاسایشی ئەفغانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند یاخیبوانی تالیبان لە ناوچەیەکی دووردەستی ڕۆژهەڵاتی پاکتیا هێرشیان کردۆتە سەر چەند خاڵێکی پشکنینی پۆلیس و بەلایەنی کەم 8 سەربازی ئەفغانیان کوشتووە.

.

XS
SM
MD
LG