Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا هێرش دەکاتە سەر بەڕێوەبەری پێشوی FBI


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە مشتومڕی ئەوەی کرد کە جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشوی FBI کە کتێبێکی نوێی لەسەر سەرۆکایەتی ترامپ نوسیوە، پێویستە بخرێتە زیندانەوە، وەک دەڵێت بۆ ئەوەی زانیاری نهێنی ئاشکرا کردووەو لەگەڵ کۆنگرێسدا درۆی کردووە.

ترامپ ئەم هێرشەی بۆ سەر کۆمی چەند کاتژمێرک بەر لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ بەرپرسی پێشوی FBI کرد. کتێبەکەی کۆمی بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممە بڵاو بکرێتەوە و لە ئێستاوە بووە بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بەهۆی ئەو کەسانەی لە پێشوەختەوە داوای کڕینیان کردووە.

لە کتێبەکەدا کۆمی ترامپی وەکو سەرۆکێکی مافیا بەراورد کردووە.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی " پرسیارە سەرەکییەکان لە کتێبە خراپەکەی کۆمیدا وەڵام نەدراونەتەوە، لەسەر ئەوەی چۆن زانیاری نهێنی ئاشکرا دەکات (زیندان) بۆچی درۆی لەگەڵ کۆنگرێس کردووە (زیندان)." لەوە دەچێت مەبەستی ئەوە بڕگانە بێت کە کۆمی باسی کۆبونەوە تایبەتەکەی لەگەڵ ترامپدا کردووە بەڵام هێشتا ڕوون نییە مەبەستی لە درۆکردن لەگەڵ کۆنگرێسدا چییە.

ترامپ گوتوشیەتی " من هەرگیز داوام لە کۆمی نەکردووە لەگەڵ مندا هاوسۆزبێت، من ئەم کابرایەم باشیش نەدەناسی. ئەمەش یەکێکە لە درۆکانی تری. یاداشتنامەکەی خزمەت بە خۆی دەکات و ساختەیە."

سەرۆکی پێشوی ئێف بی ئای جەیمس کۆمی کە لە لایەن سەرۆک ترامپەوە لەسەر کارەکەی لابرا لە کتێبەکەیدا کە هەندێک لە بڕگەکانی بڵاو بوونەتەوە نوسیویەتی " ئەم سەرۆکە بێڕەوشتە، وابەستە نییە بە ڕاستی و بناغەی بەهاکانەوە."

شەوی یەکشەممە کۆمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC بڵاو کردنەوەی کتێبەکەی ڕادەگەیەنێت.

XS
SM
MD
LG