Accessibility links

مایک پێنس: هەتا کۆتایی ساڵی 2019 باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیسرائیل دەگوازرێتەوە بۆ ئورشەلیم


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەتا کۆتایی ساڵی 2019 باڵیۆزخانەکەی لە ئیسرائیل دەگوازرێتەوە بۆ ئورشەلیم.

پێنس لە کاتی وتارەکەیدا لە پەرلەمانی ئیسرائیل (کێنسێت) لە ئورشەلیم گوتی " لە هەفتەکانی داهاتوودا، بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەرنامەی کردنەوەی باڵیۆزخانەی لە ئورشەلیم بەرەوپێش دەبات و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەر لە کۆتایی ساڵی داهاتوو لە ئورشەلیم دەکرێتەوە." مایک پێنس گوتیشی " ئورشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە بۆیە سەرۆک ترامپ بە وەزارەتی دەرەوەی ڕاگەیاندووە دەستبکەن بە ئامادەکارییە سەرەتاییەکان بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئورشەلیم."

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤ
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تەل ئەڤیڤ

​سەرۆک دانۆڵد ترامپ ڕێبازی دەیان ساڵەی ئەمەریکای بەجێ گەیاند بە دانپیانانی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل و پرۆسەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئەو شارە مشتومڕ لەسەرە دەستپێکرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر گوتبوی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکە ڕەنگە چەند ساڵێکی پێبچێت. سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ سوپاسی ترامپ و پێنسی کرد بۆ ئەو بڕیارەی کە بە "هەنگاوێکی مێژووی" لەقەڵەمی داو گوتی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە پتەوترین ئاستیدایە.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ بۆ دانپیانانی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل دەستبەجێ ڕەخنەیەکی زۆری لەلایەن ڕێبەرانی فەلەستینیەکانەوە لێگیرا، لە ناویاندا سەرۆک مەحمود عەباس کە گوتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چی تر ناتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵی هەبێت.

بەرلە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل مایک پێنس سەردانی شانشینی ئوردنی کرد و لەوێ لەگەڵ شا عەبدوڵادا کۆبۆوە. شاعەبدوڵاش نیگەرانی لەسەر ئەم بڕیارەی ئورشەلیم دەربڕی و داوای لە ئەمەریکا کرد جارێکی تر متمانەو بڕوابوون دروستبکاتەوە بۆ گەڕان بە دوای چارەسەری دوو دەوڵەتی.

شاعەبدوڵا گوتی تەنها ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان چارەسەری دوو دەولەتییە کە لە میژەوە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەوڵی بۆ دەدات و دەبێت ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم ببێت بە پایتەختی دەوڵەتی داهاتوی فەلەستین.



XS
SM
MD
LG