سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان خۆی کوارەنتین دەکات

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تیدرۆس ئادهانۆم گیبریسوس ڕایگەیاند دوای ئەوەی بەرکەوتنی هەبووە لەگەڵ توشبوویەکدا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی کوارەنتین کردووە، بەڵام ڕوونی کردەوە هەست بە هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکە ناکات.

تیدرۆس ئادهانۆم لە تویتەر نوسیویەتی لەگەڵ کەسێکدا بەرکەوتنی هەبووە کە دواتر لە پشکنینەکەیدا دەرکەتووە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، تیدرۆس وتی " من باشم و هیچ نیشانەیەکم تێدا دەرنەکەوتووە. بەڵام بۆ ڕۆژانی داهاتوو خۆم کوارەنتین دەکەم، بەپێی پڕۆتۆکۆڵەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ماڵەوە کاردەکەم."

وتیشی " زۆر گرنگە هەموومان ڕێکارە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەین، بەم شێوەیە زنجیرەی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەپچڕێنین و ڤایرۆسەکە دەسڕینەوە و سیستمەکانی تەندروستی دەپارێزین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس