سەرۆک ترامپ دادگاییکردنەکەی لە ئەنجومەنی سینات بردەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دادگاییکردنەکەی لە ئەنجومەنی سینات بردەوە و ئەنجومەنەکە لە دوو دەنگدانی جودادا بڕیاری دا سەرۆک ترامپ لەو دوو تۆمەتەی ئاڕاستەی کرابوون بێ تاوانە.

سەرۆک ترامپ تۆمەتبارکرابوو بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و کۆسپ خستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێس. لە 18 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە زۆربەی ئەندامەکانی دیموکراتن دەنگی دا لە بەرژەوەندی لەکارلابردنی سەرۆک ترامپ، بەڵام ئەنجومەنی سیناتی زۆرینە کۆماری بە پێچەوانەوە دەنگی دا لە بەرژوەندی سەرۆک ترامپ و بێتاوان دەرخستنی لە هەردوو تۆمەتەکە.

سیناتۆرەکانی ئەنجومەنی سینات بە 52 دەنگ بەرامبەر 48 دەنگ لە بەرژوەندی بێتاوانی سەرۆک ترامپ دەنگیاندا لەسەر تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. تەنیا سیناتۆر میت ڕامنی کۆماری لەگەڵ هەموو سیناتۆرە دیموکراتەکان لە بەرژوەندی تۆمەتبارکردنی سەرۆک ترامپ بەم تۆمەتە دەنگی دا.

سەبارەت بە تۆمەتەکەی دیکە کە ئەویش کۆسپ خستنە بەردەم کارەکانی کۆنگرێس بوو، ئەنجومەنی سینات بە 53 دەنگ بەرامبەر 47 دەنگ لە بەرژەوەندی بێتاوانی سەرۆک ترامپ دەنگی دا ، بەڵام سیناتۆر میت ڕامنی لەم دەنگدانەدا لە بەرژەوەندی سەرۆک ترامپ دەنگی دا. هیچ کام لە سیناتۆرە دیموکراتەکان لە بەرژەوەندی سەرۆک ترامپ دەنگیان نەدا.

بەپـێی دەستوری ئەمەریکا دەبێت دوو لەسەر سێی ئەنجومەنی سینات دەنگ لە دژی سەرۆک بدات تاوەکو بە تاوانبار دابنرێت، واتە بە لایەنی کەم 67 سیناتۆر لە کۆی 100 سیناتۆرەکە دەنگ لە دژی سەرۆک ترامپ بدەن.