هەوڵەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ بە دەستهێنانی پارێزبەندی لە دادگاوە لەسەر دۆسییەکەی کە گوایە هەوڵیداوە شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2020 دا هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن دادگای باڵای ئەمەریکاوە بڕیاری لەسەر بدرێت.
بڕیاری دادگای باڵای ئەمەریکا کە دادوەرە پارێزگارەکان تێیدا زۆرینەن و سێ دادوەریشییان تێدایە کە پێشتر لەلایەن ترامپەوە دەستنیشان کراون، 20 هەفتە دوای داواکەی بۆ پارێزبەندی دەردەکرێت. کاتی بڕیاردانەکە ڕەنگە وابکات کاتی تەواو نەمێنێت بۆ لێکۆڵەرەوەی تایبەت جاک سمیث تاوەکو هەوڵ بدات دادگایی ترامپ بکات لەسەر چوار تۆمەتی تاوانی فیدڕاڵی.
پڕۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی جۆرج واشنتن ڕانداڵ ئیلیاسن کە پێشتر دادوەرێکی فیدڕاڵ بووە، وتی " ئەو دواخستنە زۆرە بووەتە هۆی ئەوەی مەحاڵ بێت پێش هەڵبژاردنەکان دۆسییەکە بخەیتە بەردەم دادگا، دادگاکە دەبووایە زۆر بە شێوەیەکی پەلەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکردایە."
دانۆڵد ترامپ بەربژێری کۆمارییەکانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا و ڕووبەڕووی جۆو بایدنی دیموکرات دەبێتەوە. ترامپ یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە ڕووبەڕووی دادگاییکردن ببێتەوە لەسەر تاوان، پێشتریش لە دۆسییەیەکدا لە دادگایەکی نیویۆرک تۆمەتبار کراوە، ئەوەش لەسەر ئەوەی گوایە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا پارەی داوە بە ئەکتەرێکی پۆڕن تاوەکو باس لەوە نەکات کە پێشتر لەگەڵیدا بووە. ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، ئەوا ڕەنگە هەوڵ بدات دۆسییەکانی دژی هەڵبوەشێنێتەوە.
پێشتر بڕیار بوو دادگاییکردنی ترامپ لە 4 ی مانگی سێدا بەڕێوەبچێت، پێش دواخستنەکان بەهۆی کێشەی پارێزبەندییەوە. لە ئێستادا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ دادگاییکردنەکە. ترامپ دانی نەناوە بە تاوانەکەدا و دەڵێت دۆسییەکە پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوەیە.
پڕۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی جۆرجتاون ئێریکا هاشیمۆتۆ وتی " پێم وانیە بە هیچ شێوەیەک دۆسییەکە پێش هەڵبژاردنەکان بچێتە بەردەم دادگا. تەنانەت ئەگەر دادگای باڵاش دادگاکانی دیکە دڵنیا بکاتەوە لەوەی ترامپ پارێزبەندی نیە، دادگاییکردنەکە هێشتا چەند پرسێکی یاسایی دیکەی لەبەردەمدایە کە دەبێت چارەسەر بکرێن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز