ئەو پڕۆفیسۆرەی لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت و هێرشی زارەکی دەکاتە سەر ژنێکی باڵاپۆش، لە زانکۆی ئاریزۆنا دەرکرا

خۆپیشاندانی لایەنگری فەلەستینییەکان، تەمپە، زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا

زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا وتی پڕۆفیسۆرێکی زانکۆکە کە لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت بە هێرشی زارەکی ڕووبەڕووی ژنێکی باڵاپۆش دەبێتەوە لە ماوەی خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی ئیسڕائیلدا لە زانکۆکە، لە زانکۆکە دوورخراوەتەوە.

جۆناثان یودیلمانی توێژەری دوای دکتۆرا لە بەشی سەرکردایەتی و فیکری ئابووری و شارستانی لە زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا، لە بەشەکە دوورخراوەتەوە، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکی زانکۆکە مایکڵ کرۆو.

کرۆو وتی " چیتر مۆڵەتی پێنادرێت بێتە زانکۆکەوە و هەرگیز جارێکی دیکە لێرە وانە ناڵێتەوە."

یودیلمان لە 5 ی مانگی پێنجدا لە دەرەوەی زانکۆکە بەشداری لە خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی ئیسڕائیلدا کرد. لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە بە قسە هێرش دەکاتە سەر ژنێکی باڵاپۆش و پێی دەڵێت " ڕێک لەبەردەمووچاوتدام."

ژنەکە پێی دەڵێت " تۆ بێڕێزی بەرامبەر سنوورە ئایینییەکانم دەکەیت،" یودیڵمانیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت " تۆش بێڕێزی بەرامبەر هەستی مرۆڤایەتیم دەکەیت لەشفرۆش."

زانکۆی ویلایەتی ئاریزۆنا لێکۆڵینەوەیەکی لە ڕووداوەکە کرد و دواتر ڕایگەیاند چیتر ڕێگە نادەن یودیلمان بێتەوە ناو زانکۆکە، وانە بڵێتەوە یاخود قسە لەگەڵ خوێندکارەکان و کارمەندانی زانکۆکەدا بکات.

زانکۆکە وتی یودیلمان پێش 5 ی مانگی پێنج دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە لە زانکۆکە. دەست لە کارکێشانەوەکەی لە 30 مانگی شەشدا دەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی ڕووداوەکەیان ڕادەستی پۆلیسی تەمپە کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ناوچەکانی دەرەوەی زانکۆکە لە ژێر سنووری دەسەڵاتی پۆلیسی تەمپەدایە.

ڕووبەڕووبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینییەکان لە زانکۆکانی ئەمەریکادا بەڕێوەدەچن. خوێندکاران هاوسۆزی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی کە لە نێو چەکدارانی حەماسدا گیرییان خواردووە. حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا دەستیکرد بە هەڵمەتێکی سەربازیی لە غەززەدا کە مەبەست لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماس بووە، بەڵام هەزاران هاووڵاتی سڤیلی فەلەستینی لە ماوەی جەنگەکەدا کوژراون.