سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد ڤاکسین دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەربگرن، یاخود ئەگەر هەردوو بەشەکەی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، بەشی سێیەم وەربگرن.
بایدن لە کۆشکی سپی وتی " چاوەڕێ مەکەن، ئەگەر ڤاکسینت وەرنەگرتووە بڕۆ ئێستا وەریگرە." جێی ئاماژەیە نزیکەی 60 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
بەڵام سەرۆک بایدن ئاماژەشی بەوەدا لە ئێستادا پێی وانیە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەکو داخستنی کارەکان و خوێندنگاکان بەهۆی هەڕەشەکانی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا " ئۆمیکرۆن " ەوە پێویست بێت.
بایدن وتی " هەموو هەوڵێک دەدات " بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا دەڵێن هیوادارن ئەوانەی کە پێشتر ڤاکسینیان وەرگرتووە بەرگرییەکیان دژی ئۆمیکرۆن هەبێت.
Tune in as I provide an update on the Omicron variant. https://t.co/6hbzINU14w
— President Biden (@POTUS) November 29, 2021
حاڵەتەکانی توشبوون بە جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرەتا لە ئەفریقای باشووری سەریانهەڵدا، لە ئێستاشدا لە کۆمەڵێک وڵاتی جیهاندا تۆمارکراوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیش لە ڕۆژی دووشەممەوە گەشتکردنی هاوڵاتیانی لە ئەفریقای باشوور و حەوت وڵاتی دیکەی ئەفریقاوە بۆ ئەمەریکا قەدەغە کردووە.
شارەزای باڵای ئەمەریکا لە نەخۆشیە گوازراوەکاندا، ئەنتۆنی فاوچی، وتی زانایان هیوادارن بتوانن لە هەفتەیەک یاخود دوو هەفتەدا بۆیان دەربکەوێت کە ئایا ئەو ڤاکسینانەی ئێستا هەن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سوودیان دەبێت لە دژی ئۆمیکرۆن یاخود نا، هەروەها بشزانن جۆرە نوێیەکە تا چەندێک مەترسیدارە.
فاوچی وتی " لە ڕاستیدا نازانین."
بایدن وتی هەمیشە سەرەتا ڤاکسینەکان بۆ ئەمەریکیەکان لەبەردەستدا دەبن وبە خۆڕاییش دەبێت. ئاماژەی بەوەشدا ڕەوشی وڵاتەکە ناچاری دەکات یارمەتی وڵاتانی دیکەش بدات تاوەکو ڤاکسین وەربگرن و ڤاکسین وەرگرتن یارمەتیدەر دەبێت لە کۆتایی هێنان بە پەتا جیهانییەکە.
وتی 275 ملیۆن بەشە ڤاکسین کە لە ئەمەریکا بەرهەم هێندراون ڕەوانەی 110 وڵاتی دیکە کراون.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا