ئەو نەخۆشەی بۆ یەکەمین جار لە ئەمەریکا گورچیلەی بەرازی بۆ چێندرا بە تەندروستییەکی باش نەخۆشخانەی جێهێشت

ئەو نەخۆشەی کە بۆ یەکەمین جار گورچیلەی بەرازی بۆ چێندرا لە نەخۆشخانەی گشتی ماساچوستس دەرکرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە، ئەمەش دوای دوو هەفتە لە نەشتەرگەرییەکەی.

نەخۆشخانەکە وتی ڕیک سلەیمانی تەمەن 62 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ویماوث بەردەوام دەبێت لە چاکبوونەوەکەی.

سلەیمان لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم ساتە، ئەمڕۆ کە دوای ماوەیەکی درێژخایەن زۆر بە تەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانە جێدەهێڵم، یەکێکە لەو ڕۆژانەی کە هیوادارم بۆ چەندین ساڵی دیکە بەردەوام بێت. ئێستا ئەوە ڕاستییە و یەکێکە لە خۆشترین ساتەکانی ژیانم." هەروەها سوپاسی سەرجەم پزیشک و پەرستارەکانی کرد و وتی " ئەو گرنگییەی کە پێمدرا نموونەیی بوو و بە ژیانم متمانەم بە سەرجەم پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتی ماس هەیە. بە پەرۆشەوەم کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێ و ئازیزانم بەسەرببەم، بەبێ ئەوەی ترسم لە نەخۆشی گورچیلە هەبێت کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ کاری کردە سەر ژیانم."

لە کاتی چاندنی گورچیلەکەدا لە 21 ی مانگی سێدا، سلەیمان نەخۆشییەکی سەختی گورچیلەی هەبوو، هەروەها شەکرە و پەستانیشی هەبوو، لە ساڵی 2018 دا گورچیلەی مرۆڤی بۆ چێندرا بەڵام پێنج ساڵ دواتر گورچیلەکە خەریک بوو شکستی دەهێنا.

نەخۆشخانەی گشتی ماساچوستس وتی ئەوە یەکەمین جار بوو گورچیلەی بەراز لە مرۆڤێکی زیندوودا بچێندرێت. وتیشی لە گورچیلەکە لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری کراوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی جینە زیانبەخشەکانی بەرازەکە لاببرێن تێیدا، دواتر هەندێک جینی دیاریکراوی مرۆڤ زیادکراون بۆ سەر گورچیلەکە، تاوەکو باشتر بگونجێت.

سەرچاوە: WBZ-News