دادگایەکی ئەمەریکا کەیسی ژنێکی داعشی یەکلاکردەوە

دادگایەکی فیدراڵی ئەمەریکا دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی ڕاستبووە کاتێک گوتویەتی کچی دیپـلۆماتێکی یەمەنی کە پەیوەندی بە داعش کردبوو هاوڵاتی ئەمەریکایی نیـیە سەرەڕای ئەوەی لە ئەمەریکا لەدایکبووە.

ڕێجی واڵتن دادوەری دادگای چاودێری هەواڵگری بیانی FISC دوێنێ پـێنجشەممە بڕیارەکەی دا و گوتی هودا موثەنا نابێتە هاوڵاتی ئەمەریکایی، بەو پـێـیەی کاتێک لە ئەمەریکا لە دایکبووە باوکی دیپـلۆماتێکی بیانی بووە.

هودا کە لە ساڵی 1994 لەدایکبووە و لە ویلایەتی ئەلەباما گەورەبووە. ساڵی 2014 ئەمەریکای جێهێشتووە و چووەتە ناو داعش لە سوریا، حکومەتی ئەمەریکا لە بەرامبەردا پاسپـۆرتەکەی پـوچەڵکرد.

لە مانگی یەکی ئەمساڵ خۆی ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد و پەشیمانی خۆی دەربڕی لەوەی پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا ڕازی نەبوو بەرەو ئەمەریکا بگەڕێتەوە.

کەسوکاری سکاڵایەکی یاساییـان پـێشکەش بە دادگا کرد تاوەکو ڕێگەی پـێبدەنەوە بگەڕێتەوە ئەمەریکا، بەڵام کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو ئەمەریکایی نیـیە بەو پـێـیەی کاتی لە دایکبوونی لە ئەمەریکا باوکی دیپـلۆماتی بیانی بووە.