هێلەری کلنتن و دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنیان بەدەسـتهێنا لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ویلایەتی نیویۆرک و بەمەش زیاتر نزیک دەبەنەوە لەوەی ببنە کاندیدی پارتەکانیان.
دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون بۆ هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لەو ویلایەتە گرنگەی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا.
ئەنجامی هەڵبژاردنی دیموکراتەکان نیشانی دا هێلەری کلنتن وەزیری پـێشووی دەرەوە زیاتر لە ملیۆنێـک کەس دەنگیان پـێداوە کە دەکاتە 57.9% ی دەنگدەران و بەمەش پـشـتیوانی 139 شاندی بردەوە.
سیناتۆر بێرنی ساندەرسی ڕکابەری 752 هەزار دەنگی هێناوە، واتە 42.1% ی دەنگەکان و بەم ئەنجامە پشـتیوانی 106 شاندی بەدەسـتهێنا.
لە هەڵبژاردنی کۆماریـیەکانیش، ملیاردێر دۆناڵد ترەمپ دەنگی 518 هەزار کەسی لەگەڵدا بوو کە 60.5% ی بەشداربووانی دەنگدانەکە دەکات و بەم ئەنجامە 89 شاندی بردەوە. بەڵام سیناتۆر تێد کروز کە ڕکابەری سەرەکیـیەتی پـشتیوانی هیچ شاندێـکی بەدەسـت نەهێنا، هەرچەندە 123 هەزار کەس دەنگیان بۆ دا کە دەکاتە 14.5% ی دەنگدەران. جۆن کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ کە لە پلەی سێـیەمی پـێشـبڕکێـی کۆماریـیەکاندایە، 214 هەزار کەس دەنگیان پێ دا واتە 25.1% ی دەنگدەران و بەم ئەنجامە 3 شاندی بردەوە.
بەم پـێـیە ئەنجامی هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی هەردوو پارت هەتا ئێسـتا بەم شێوەیە دەبن:
کۆماریـیەکان
دۆناڵد ترمپ: 845 نوێنەر
تێد کروز: 559 نوێنەر
جۆن کەیسک: 147 نوێنەر
دیموکراتەکان
هێلەری کلنتن: 1902
بێرنی ساندەرس: 1182