بەرپرسانی باڵای تەندروستی ئەمەریکا هۆشیاری نوێیاندا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی خێرای جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.
ئانتۆنی فاوچی ڕاوێژکاری تەندروستی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پڕۆگرامێکی کەناڵی ئێن بی سیدا وتی " شتێکی خراپ ڕوودەدات، دەبێت ئەوە بزانین."
فاوچی وتی پێشبینی ئەوە ناکات خەڵکەکە بە فەرمان ناچار بکرێن ڤاکسین وەربگرن.
بەڵام وتی هەر کە بەڕێوبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا بەتەواوەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکانی پەسەند کرد، ئەوا پشتیوانی لە زانکۆ و کارەکان و دامەرزاوە ناوخۆییەکان دەکات تاوەکو فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسین دەربکەن.
فاوچی وتی " من پێم وایە هەر کە ڤاکسینەکان بە تەواوەتی پەسەند کران، ئەوا هەندێک خەڵک بە خواستی خۆیان ڤاکسین وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەوانەی کە نایانەوێت ڤاکسین وەربگرن، پێم وایە لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێویستە فەرمانی وەرگرتنی ڤاکسین دەربکرێت."
بەگوێرەی حکومەتی ئەمەریکا، زیاتر لە 166 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، ئەوەش تۆزێک کەمترە لە نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە، هەروەها پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی خوار تەمەن 12 ساڵ هێشتا ڕانەگەیەندراوە.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فلۆریدا و تێکساس زیادیکردووە، فەرمانڕەوا کۆمارییەکانیان، ڕۆن دی سانتیس و گرێگ ئابوت، هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆیان دژی ڤاکسین یاخود دەمامک بەکارهێنان سوورن، دەڵێن ناچارکردنی خەڵک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین یاخود دەمامک بەکارهێنان " پێشێلکردنی مافی ئازادی خەڵکەکەیە."
سیناتۆر ڕیک سانتۆسی فلۆریدا پشتیوانی لە بڕیارەکەی دی سانتیس کرد و بە فۆکس نیوزی وت " ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ترس، با واز لە خەڵکەکە بهێنین خۆیان بڕیار بدەن."
بەڵام فەرمانڕەوای ویلایەتی ئارکنساس ئاسا هەچینسن کە سەر بە کۆمارییەکانە بە تۆڕی هەواڵی سی بی ئێسی وت " لە سەرەتای ئەمساڵدا هەڵەم کرد یاسای قەدەغەکردنی بەکارهێنانی دەمامکم واژۆ کرد." ئەمە لەکاتێکدایە لە ویلایەتەکەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیادبووندایە.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی ئەمەریکا ڕاندی واینگارتن بە کەناڵی ئێن بی سی وت لە ئێستادا خوێندنگاکان بۆ وەرزی نوێ لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دەکرێنەوە، " وەکو بابەتێکی تایبەتی ویژدانی، پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ڤاکسین بە ناچاری وەربگیردرێت."
وتی " بارودۆخەکە گۆڕاوە، زۆر قورسە بۆ من کە منداڵانی خوار 12 ساڵ ناتوانن ڤاکسین وەربگرن. هەستم کرد وەکو بابەتێکی ویژدانی دەبێت قسە بکەم."
بەڕێوبەری سەنتەری تەندروستی نیشتیمانی ئەمەریکا فرانسیس کۆڵنس وتی " تکایە لەمە تێبگەن، ڤاکسینەکان بەڵگەی سەرسوڕهێنەرن لەسەر پارێزراوی و کاریگەرییان."
کۆڵنس بەو کەسانەشی وت کە دوودڵن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە " ئەگەر لە لێوارەکەدایت، وەرە دەرەوەی لێوارەکە و ببە بە بەشێک لە تیمە سەرکەوتووەکە."
لە ئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە 100,000 حاڵەتی توشبوون بە جۆری دێڵتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکادا تۆمار دەکرێت، ئەمەش 10,000 زیاترە لە حاڵەتەکانی توشبوون لە چەند هەفتەیەکی کەمی ڕابردوودا.
فاوچی دەڵێت " ئەمە پەتای ئەو کەسانەیە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە."
تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە ئەو ڤاکسینانەی ئێستا لە ئەمەریکادا بەکاردەهێندرێن کاریگەرییان هەیە دژی جۆری دێڵتا. بەڵام فاوچی وتی ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئەوا پێدەچێت جۆری دێڵتا دووبارە خۆی بگۆڕێت بۆ جۆرێکی دیکە و ببێتە هۆی ئەوەی ڤاکسینەکان چیتر سوودیان نەبێت دژی ئەو جۆرەی کە سەرهەڵدەدات.
وتی" ئەو 93 ملیۆن هاوڵاتیەی ئەمەریکا کە هێشتا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە دەبێت بیر لە تەندروستی خۆیان و خێزان و کۆمەڵگەکەشیان بکەنەوە. " وتیشی پشتیوانی ئەوە دەکات کە دەبێت کارمەندانی تەندروستی ئەمەریکا ڤاکسین وەربگرن، لە کاتێکدا ملیۆنان کارمەند ڕەتی دەکەنەوە ڤاکسینەکان وەربگرن.
وتی " ئێستا کاتیەتی. دەبێت ڤاکسین بدەین بە خەڵک، تەنانەت ئەگەر پێشتریش توشی کۆرۆنا بووبیت، هەر دەبێت ڤاکسین وەربگریت."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا