چاوەڕواندەکرێت ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگدانێکی مێژوویی ئەنجام بدات سەبارەت بەوەی ئایە سەرۆک ترامپ تاوانبارە لە بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی یان نا.
پـێشبینی دەکرێت مشتومڕەکانی نێو ئەنجومەنەکە بەر لە دەنگدانەکە بۆ نزیکەی شەش کاتژمێر درێژەبکێشێت.
سەرۆک ترامپ جگە لەوەی بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تۆمەتبارکراوە، هەروەها تاوانێکی دیکەی ئاڕاستەکراوە، ئەویش کۆسپ خستنە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرێس.
بەو پـێـیەی 233 ئەندامی ئەم ئەنجومەنە دیموکراتن و 197 ی کۆماریـین، ڕەنگە بڕیاری تاوانبارکردنی سەرۆک ترامپ بە سانایی پەسەندبکرێت.
سەرۆک ترامپ لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی "بڕوا دەکەن ئەمڕۆ لەلایەن ڕادیکاڵە چەپڕەوەکانەوە تاوانباربکرێم، دیموکراتەکان هیچ ناکەن، وە هیچ شتێکی هەڵەم نەکردووە! شتێکی زۆر ناشرینە. دەقەکان بخوێندنەوە. نابێت ئەمە جارێکی دیکە بەسەر هیچ سەرۆکێکی دیکە بێت. دوعا و نزا بکەن."
Can you believe that I will be impeached today by the Radical Left, Do Nothing Democrats, AND I DID NOTHING WRONG! A terrible Thing. Read the Transcripts. This should never happen to another President again. Say a PRAYER!
— Donald J. Trump (@realDonaldTrump) December 18, 2019
ئەگەر بێت و ئەنجومەنی نوێنەران لە دژی سەرۆک ترامپ دەنگ بدات، ئەوا دەبێتە سێـیەم سەرۆک لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تاوانباربکرێت.