بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا 15 موشەکی کروزی ئاڕاستەی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کردووە، ئەمەش دووەمین هێرشە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ سەر کیێڤ، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی سەرجەم موشەکەکانییان خستۆتە خوارەوە.
بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی شاری کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی " پلانەکانی دوژمنکار شکستییان هێنا."
هێرشەکانی ڕۆژی سێشەممە کە پێنجەمین هێرشن لە مانگی پێنجدا، ڕۆژێک دوای ئەوە دێت ڕووسیا گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دژی شارەکانی سەرانسەری ئۆکرانیا ئەنجامدا، بە کیێڤی پایتەختیشەوە.
هەروەها لە ساڵیادی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕووسیاشدایە، کە یەکێکە لەو پشووە گشتییانەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو یاد دەکرێتەوە و ساڵیادی شکستهێنانە بە نازی ئەڵمانیا لە ساڵی 1945 دا.
پۆپکۆ وتی " لەم ڕۆژەدا ئەوان هەوڵی کوشتنی زۆرترین هاوڵاتی مەدەنی دەدەن."
وتیشی بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی بەرنەکەوتووە، هێرشەکان لە ڕێی موشەکی کروزەوە ئەنجام دراون و لە هەرێمی دەریای کاسپیانەوە هەڵدراون.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیتچکۆ وتی پاشماوەی موشەکێک بەسەر خانوویەکدا کەوتۆتە خوارەوە لە ناوچەی هۆلۆسیڤسکی لە باشووری ڕۆژئاوای کیێڤ. وتیشی زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە و زیانە ماددییەکەش زۆر نیە.
لە ناوچەی شێڤچینکیڤسکی کە زۆرجار دەکرێتە ئامانج، پاشماوەی موشەکەکان لەسەر شەقامێک دۆزراونەتەوە.
پۆپکۆ وتی " کیێڤ جارێکی دیکە هەستایەوە و لە داهاتووشدا هەڵدەستێتەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕووسیا هێرشی نوێی بۆ سەر کیێڤ ئەنجامداوە
خستنەخوارەوەی موشەکێک بەسەر ئاسمانی کیێڤدا