بەڕیتانیا کۆمەڵێک لە ڕێوشوێنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لادەبات

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پلانەکانی بۆ لابردنی هەندێک لە ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاشکرا کرد کە لە 19 ی مانگی حەوتەوە جێبەجێ دەکرێت، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، هەروەها هانی خەڵکەکەیدا لەجیاتی ئەوەی حکومەت فەرمان دەربکات خۆیان بەرپرسانە مامەڵە بکەن.

مانگی ڕابردوو جۆنسن ناچار بوو پلانەکانی بۆ دووبارە کردنەوەی تەواوەتی وڵاتەکە لە 20 ی مانگی شەشدا دوابخات، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە بوو کە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخێرایی بڵاوبۆوە و لە ئێستادا نزیکەی سەرجەم حاڵەتەکانی توشبوون لە بەڕیتانیا بەهۆی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکەوەیە.

بەڵام هەڵمەتەکانی کوتان دژی ڤایرۆسەکە ڕێگەی نەدا ئەو کەسانەی توشی ڤایرۆسەکە بوون داخڵی نەخۆشخانەکان بکرێن یاخود گیان لەدەست بدەن.

جۆنسن وتی " ئەم پەتایە هێشتا زۆری ماوە کۆتایی پێبێت، بەدڵنیاییەوە تاوەکو 19 ی مانگی حەوت کۆتایی پێنایەت."

وتیشی بەڵام کاریگەریی هەڵمەتەکانی کوتان دژی ڤایرۆسەکە لە بەڕیتانیا دەریخست کە دەتوانین ڕێوشوێنەکان کەم بکەینەوە.

وتی " ڕێوشوێنە یاساییەکان لادەبەین ڕێگە دەدەین خەڵکەکە خۆی بڕیار بدات."

سەرچاوە/ فرانس پرێس