ڕۆژی دووشەممە ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا داوای ئاگربەستییان کرد لە غەززە، هاوکات ئیسڕائیل ئامادەکاری کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هێرشێکی گەورەی بەرفراوان بۆ سەر وڵاتەکە.
ڕابەرانی چوار وڵاتە ئەوروپاییەکە لە بەیاننامەیەکدا وتییان " شەڕەکە دەبێت ئێستا تەواو ببێت، سەرجەم بارمتەکانیش کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە گیراون دەبێت ئازاد بکرێن. خەڵکی غەززە پێویستییان بەوەیە یارمەتییەکانیان بەپەلە و بەبێ هیچ بەربەستێک بگاتە دەست."
بەیاننامەکە لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کییەر ستارمەرەوە واژۆ کراوە.
سێ وڵاتەکە پشتگیری خۆیان بۆ نوێترین پلانەکەی ئاگربەست دەربڕی کە لەلایەن ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕەوە نێوەندگری تێدا دەکرێت و مەبەست لێی کۆتایی هێنانە بە جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و غەززە. پلانەکە داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو زیندانییە فەلەستینییانەی کە لە ئیسڕائیل لە زینداندان، هەروەها داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل دەکات لە غەززە.
هەروەها داوا لە ئێران و هاوپەیمانەکانی دەکات خۆیان بە دووربگرن لە هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل، چونکە ئێران و هاوپەیمانەکانی بەڵێنیانداوە تۆڵە لە ئیسڕائیل بکەنەوە لەسەر کوژرانی دوو سەرکردەی حەماس و حزبوڵا لە بەیروت و تاران.
ڕۆژی دووشەممە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستندا قسەی کردووە بۆ ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشێکی گەورەی بەرفراوان بۆ سەر ئیسڕائیل.
ئۆستن وتی ئەمەریکا هەموو هەنگاوێک دەگرێتەبەر بۆ بەرگریکردن لە ئیسڕائیل. ئاماژەی بەوەدا بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پتەوتر کراوە.
گروپی کەشتیگەلی هێرشبەری یو ئێس ئێس ئابراهام فەرمانی پێکراوە خێرا بکات لە گەشتەکەی بۆ ناوچەی سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەڕاست و باشووری ئاسیا دەگرێتەوە.
ڕۆژی هەینی بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێران وتی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی فەرمانی بە ئێران کردووە " بە توندی سزای " ئیسڕائیل بدەن لەسەر کوژرانی سەرکردەیەکی حەماس لە 31 ی مانگی حەوتدا لە تاران.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا