چەکدارێک دوو ئەفسەری پۆلیس لە لۆس ئانجلس بریندار دەکات

لە هێرشێکدا کە بە ڤیدیۆ گیراوە چەکدارێک دوو ئەفسەری پۆلیسی ناوچەی لۆس ئانجلس بە فیشەک بریندار دەکات، ئەمە لەکاتێکدا دوو ئەفسەرەکە لە ناو ئوتومبێلەکەیاندا دانیشتبوون.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هاتووە تاوانبارەکە بە پێ لە ئوتومبێلەکە نزیک دەبێتەوە لە شاری کامپتن و بە دەمانچەکەی تەقە دەکات و ڕادەکات.

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی شارەکە لە تویتەر نوسیویەتی " چەکدارەکە بەرەو دوو ئەفسەرەکە ڕۆشتووە و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقەی کردووە."

وتیشی دوو ئەفسەرەکە کە هەردووکیان جێگری سەرۆکی پۆلیسی ناوچەکەن بە قورسی برینداربوون و بارودۆخیان لە مەترسیدایە و نەشتەرگەرییان بۆ کراوە. وتیشی هێشتا تاوانبارەکە دەستگیرنەکراوە.

پۆلیس وتی ڕووداوەکە لە ڕێی کامێرایەکی ئاسایشەوە لە وێستگەیەکی میترۆوە گیراوە.

لەلای خۆیەوە سەرۆک ترامپ وەکو ئاماژەیەک بۆ دوو ئەفسەرەکە وتی " ئەگەر بمرن ئەوا دەبێت بەخێرایی سزای لە سێدارەدان بسەپێندرێت بەسەر بکوژەکەدا. ئەوە تەنها ڕێگەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو کارانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز