میدیاکانی تورکیا دەڵێن ئاگری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچە کوردنشینەکان کۆنترۆڵ کراوە

میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی شەش بڵاوییان کردەوە بەرپرسانی تورکیا ئاگرکەوتنەوەیەکی کشتوکاڵییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی 12 کەس و برینداربوونی 78 کەسی دیکە لە ناوچە کوردییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا.

نووسینگەی فەرمانڕەوای ناوچەکە وتی ئاگرکەوتنەوەکە ڕۆژی پێنجشەممە دەستیپێکردووە، ئەوەش بەهۆی سوتاندنی پوشەوە و دواتر بەهۆی بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە پەرەی سەندووە. ڕۆژی هەینی وەزیری دادی تورکیا یەڵماز تونچ وتی بەرپرسان لێکۆڵینەوەیەکییان لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستپێکردووە.

ئەمەش ببینە

تورکیا: بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە تورکیا 11 کەس گیانییان لە دەستداوە

کەناڵی ئێن تی ڤی و ئەوانی دیکەش وتییان ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و بەرپرسان کاردەکەن بۆ ساردکردنەوەی ناوچە سووتاوەکان. ئێن تی ڤی وتی زۆرێک لەو ئاژەڵانەی کە لە ئاگرەکەدا گیرییان خواردبوو، سووتاون و گیانییان لە دەستداوە.

وەزیری تەندروستی تورکیا فەخرەتین کۆچا درەنگانێکی ڕۆژی هەینی وتی چارەسەرکردنی بریندارەکان بەردەوامە، هەندێک لە بریندارەکان لە دۆخێکی خراپدان.

وتی " بەردەوامین لە چارەسەرکردنەکان و چاودێریکردنی پێنج کەس لە بریندارەکانمان. سێ بریندار لە پێنج بریندارەکەمان کە لە دیاربەکر چارەسەر وەردەگرن ئینتوبەیتیان بۆ کراوە."

سوتاندنی پوش کارێکی ئاسایی جوتیاران و گوندنشینانە لە ناوەڕاستی ئەناتۆڵیا، ئەو کارەش دوابەدوای وەرزی دروێنە دێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز