تورکیا هەزاران حاجی کەرەنتینە دەکات

هەزاران موسوڵمان دوای ئەوەی لە عەمرە لە سعودیەوە گەڕانەوە بۆ تورکیا کەرەنتینە کران، ئەمەش بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە بڵاوبووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

تەنها شەش حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیادا هەیە، تورکیا کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، لەوانەش داخستنی خوێندنگا و زانکۆکان و هەڵوەشاندنەوەی بۆنە وەرزشیەکان و ڕاگرتنی گەشتەکان بۆ کۆمەڵێک وڵات.

لە نوێترین ڕێوشوێنەکانیدا، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند یانە شەوانەکان و باڕەکان لە ڕۆژی دووشەممەوە دادەخرێن بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات وەزیری تەندروستی تورکیا داوای لەو کەسانە کرد کە لە عەمرەوە دێنەوە بۆ تورکیا خۆیان کەرەنتینە بکەن، وتیشی کەسێک دوای ئەوەی لە عەمرەوە هاتۆتەوە بۆ تورکیا پشکنینی بۆ کراوە و هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە.

دواتر ڕایگەیاند هەموو ئەوانەی لە عەمرە دەگەڕێنەوە دەبێت کەرەنتینە بکرێن.

وتی " هەموو ئەوانەی دوێنێ شەو لە عەمرە هاتوونەتەوە لە ژووری جیادا کەرەنتینە کراون." وتیشی " ئەوانەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت نەخۆش بن ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن بۆ پشکنین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز