سەرۆک ترامپ دەڵێت هەرچیـیەک لە ئەمەریکا ڕووبدات لە ئەستۆی سیستەمی دادوەری وڵاتەکەیە

سەرۆکی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئەگەر هەرچیـیەک لە وڵاتدا ڕووبدات ئەوا ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی ئەو دادوەرەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ڕاگرت بۆ وەستانی کاتی هاتنی هاوڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ناو ئەمەریکا.

دانۆڵد ترامپ دوێنێ لە تویتێکیدا نووسیویەتی " بڕواناکرێت دادوەرێـک وڵاتەکەمان بخاتە بەردەم مەترسیـیەکی لەم جۆرەوە. ئەگەر شتێـک ڕوویدا ئەوا لۆمەی ئەو و سیستەمی دادوەری بکەن. ئیدی خەڵک بە لێشاو دێن. شتێـکی خراپە."

شەوی هەینی ڕابردوو جەیمس ڕۆبەرت دادوەری فیدراڵی لە ویلایەتی واشنتن بە شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپی ڕاگرت، ئەوەی هەفتەیەک پـێشتر دابووی بۆ وەستاندنی هاتنی هاوڵاتیانی ئێران و عێراق و سوریا و لیبیا و سۆماڵ وسودان و یەمەن بۆ ناو ئەمەریکا.

ڕۆژی یەکشەممەش دادگای 9 ی پـیاداچوونەوەی ئەمەریکا لە سانفرانسیسکۆ تانەکەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی ڕەتکردەوە کە داوای کردبوو بڕیاری دادوەر جەیمس ڕۆبەرت هەڵبوەشێنتەوە.

پاش ئەم بڕیارەی دادگا، سەرۆک ترامپ لە تویتەرەکەی نووسیویەتی " فەرمانم بە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی کردووە زۆر بە وردی پشـکنین بۆ ئەو کەسانە بکەن کە دێنە ناو وڵاتەکەمانەوە. دادگاکان کارەکەیان زۆر قورس کردووە."