سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن پیرۆزبایی لە جۆو بایدن دەکات

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن پیرۆزبایی لە جۆو بایدن کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی 11.

کرملن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پوتن هیوای " هەموو سەرکەوتنێک " ی بۆ بایدن خواست و متمانەی خۆی دەربڕی کە ئەمەریکا و ڕووسیا دەتوانن " هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگە زۆرانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە. "

پوتن گوتیشی ئامادەیە بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ بایدندا.

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ژمارەیەک لە ڕێبەرانی جیهان تەلەفۆنیان بۆ بایدن کردووە بۆ پیرۆزباییرکردن لێی و تاوتوێی هاوکاریکردنیان کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا کە لە مانگی 1 دەستپێدەکات.

پوتن گوتبووی چاوەڕوان دەکات هەتا ئەو کاتەی ئەنجامەکان بە فەرمی ڕادەگەیەندرێن، کە لە ڕۆژی دووشەممە بوو کاتێک نوێنەرانی هەڵبژاردن سەرکەوتنی بایدنیان بەسەر سەرۆک دانۆڵد ترامپ پشتڕاست کردەوە.