بەپێی ئەو توێژەر و شارەزایانەی کە بە دواداچوون بۆ گروپە ئێرانییەکە دەکەن، تیمی هاککردنی ئێرانی کە هێرشی ئەلیکترۆنی کردە سەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ، بەوە ناسراون کە سۆفتوێری چاودێری دەخەنە سەر مۆبایلەکانی قوربانییەکان، پەیوەندییە تەلەفونییەکان تۆمار دەکەن و نامەکان دەدزن و بەبێ دەنگی کامێرا و مایکرۆفۆنی مۆبایلەکانییان دەکەنەوە.
سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزییان وت گروپەکە لەلایەن کۆمەڵگەی ئاسایشی ئەلیکترۆنییەوە بە APT42 ناسراوە، یاخود چارمینگکیتین، ئەو هاککەرە ئێرانییانەی کە تۆمەتبار کراون باوەڕوایە پەیوەندییان بە یەکەیەکی هەواڵگرییەوە هەبێت لە ناو سوپای ئێراندا، کە بە ڕێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران ناسراوە. دەرکەوتنییان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا شایەنی باسکردنە، ئەوەش بەهۆی کارە سیخوڕییەکانییانەوە دژی ئامانجە باڵاکان لە واشنتن و ئیسڕائیل.
جۆن هولتکوێستی شیکەرەوەی باڵا لەگەڵ کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی ماندیانتی ئەمەریکایی، کە باسی لە توێژینەوەکەی ڕابردوو کرد کە بۆی دەرکەوتبوو گروپە ئێرانیەکە چاودێری مۆبایلەکانی چالاکەوانە ئێرانییەکان و خۆپیشاندەرانییان کردووە، وتی " ئەوەی وادەکات APT42 زۆر مەترسیدار بێت ئەو بیرۆکەیەیە کە ئەوان ڕێکخراوێکن کە مێژوویەکییان هەیە لە بە ئامانجکردنی ئەو کەسانەی کە خۆیان دەیانەوێن." هەندێک لەو خۆپیشاندەر و چالاکەوانە ئێرانییانەی کە هاککرابوون زیندانیکراون یاخود لە ناو وڵاتەکەدا هەڕەشەیان لێکراوە.
وتەبێژی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک وتی " حکومەتی ئێران هیچ نیازێکی نیە یاخود هیچ پاڵنەرێکی نیە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا."
وتەبێژەکانی ترامپ وتییان ئێران ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان دەکاتە ئامانج چونکە ئەوان حەز بە سیاسەتەکانی ترامپ ناکەن بەرامبەر تاران.
لێڤی گۆندەرتی ئەفسەری باڵای ئاسایشی کۆمپانیای هەواڵگری ئەلیکترۆنی داهاتووی تۆمارکراو دەڵێت " ڕێکخراوی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران متمانەی پێکراوە بە کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری بۆ بەرگریکردن و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی. لەگەڵ هێزی قودسدا، ئەوان بەهێزترین لایەنی ئاسایش و هەواڵگرین لە ناو ئێراندا."
لە مانگی سێدا شرۆڤەکارانی کۆمپانیای داهاتووی تۆمارکراو هەوڵێکی هاککردنییان لەلایەن APT42 ەوە دژی دەزگای هەواڵی ئێران ئینتەرناشناڵ ئاشکرا کرد. ئێران ئینتەرناشناڵ ئێستا بنکەکەی لە ئەمەریکایە و پێشتریش بەرپرسانی بەڕیتانیا ئاماژەیان بەوەداوە کە ئێران ئینتەرناشناڵ لە بەڕیتانیا ڕووبەڕووی توندوتیژی و مەترسی تیرۆر بوونەتەوە لەلایەن بریکارانی ئێرانیەوە.
لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بەرپرسانی هەڵمەتەکەی ترامپ نامەیەکیان نارد بۆ کارمەندەکان و داوایان لێکردن وریا بن سەبارەت بە ئاسایشی زانیارییەکان، ئەوەش بەپێی کەسێکی نزیک لە نامەکەوە. نامەکە هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی کە مۆبایلەکان پارێزراوتر نین لە ئامێرەکانی دیکە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز