سەرۆک بایدن هەوڵی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت، لەو هەوڵانەش ڕەوانەکردنی کارمەندانی تەندروستی فیدڕاڵیە بۆ ئەو نەخۆشخانانەی کە کەمییان هەیە لە کارمەندانی تەندروستیدا، هەروەها دابەشکردنی پێشوەختەی یەدەگی کەلوپەلە تەندروستیەکان بە سەرانسەری وڵاتەکەدا و پێدانی 500 ملیۆن پێداویستی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخۆڕایی بە هاوڵاتیانی ئەمەریکا.

بایدن پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە کۆشکی سپی ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دووبارە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەمەریکا لە زیادبووندایە، ڕۆژی دووشەممە 143,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و 1,300 حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان تۆمارکراون. نزیکەی سێ بۆ چوار بەشی حاڵەتە نوێیەکان پەیوەستن بە جۆری ئۆمیکرۆنەوە کە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە.

بەرلە وتارەکەی بایدن، کۆشکی سپی وتی ئەگەرێکی زۆر هەیە حاڵەتە نوێیەکانی توشبوون لەو کەسانەدا کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بەهۆی جۆری ئۆمیکرۆنەوە زیاتر ببێت، بەڵام نیشانەکانی " پێدەچێت مەترسیدار نەبن."

بەڵام هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی " بەپێچەوانەوە، ئەوانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاترە و خراپ نەخۆش دەکەون، تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی مردنیش."

ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیە گوازراوەکانی حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت نزیکەی 204 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکی یاخود لە سەدا 61 ی هاوڵاتیان بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە ئەمەش تەنها لە سەدا یەک زیاترە لە دەستپێکی ساڵی 2021 ەوە.

بەڵام تەنها 60.8 ملیۆن کەس ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، کە بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ژەمی سێیەم بەرگرییەکی باش دژی ئۆمیکرۆن دروست دەکات.

نزیکەی 50 ملیۆن هاوڵاتی ئەمەریکا هیچ ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە و زۆرینەی ڕەخنە لە هەوڵەکانی حکومەت دەگرن بۆ هاندانی خەڵک تاوەکو ڤاکسین وەربگرن، دەڵێن حکومەت بەو کارەی ئازادی خەڵکەکە لە هەڵبژاردنی بژاردە تەندروستیەکانی خۆی پێشێل دەکات.

کۆشکی سپی وتی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بایدن ڕایاندەگەیەنێت " ئەو مەترسییانە کەم دەکاتەوە کە ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لەسەر سیستمە تەندروستیەکانمان دروستییان کردووە، ئەمەش لەڕێی پشکنینی خۆڕایی زیاتر و وەرگرتنی ڤاکسینی زیاتر تاوەکو خەڵکەکەمان بپارێزین و خوێندنگاکانمان و ئابوورییەکەمان بەکراوەیی بیهێڵینەوە."

کۆشکی سپی وتی بایدن 1000 پزیشکی سەربازیی و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی دیکە لە مانگی یەک و دوودا ڕەوانەی ئەو نەخۆشخانانە دەکات کە پێوستیان پێیانە. وتیشی تیمەکانی وەڵامدانەوەی بەپەلەی تەندروستی ڕەوانەی شەش ویلایەت کراون کە ئەو ویلایەتانە کەمییان هەیە لە ژمارەی کارمەندانی تەندروستیدا.

کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو وڵاتەکە توانای نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی زیاتر فراوانتر دەکات، هاوکات سەدان ئوتومبێلی فریاکەوتن و تیمی تەندروستی ڕەوانە دەکات بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکان.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا حکومەتی ئەمەریکا سەدان ملیۆن دەمامکی N-95 و ملیاران دەستکێش و دەیان ملیۆنان پۆشاکی کارمەندانی تەندروستی و زیاتر لە 100,000 ئامێری هەناسەدانی لە کۆگا ستراتیژییە نیشتیمانیەکەیدا هەیە، " ئامادەن بگوازرێنەوە، ئەگەر ویلایەتێک پێویستی پێیان بێت."

وتیشی ئێستا 20,000 ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسین لە سەرانسەری ئەمەریکادا هەن کە بەخۆڕایی ڤاکسین دەدەن، هەروەها لە مانگی داهاتووە حکومەتی ئەمەریکا نیو ملیار دۆلار پێداویستی پشکنینی خێرایی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکڕێت و بەسەر ئەو ئەمەریکیانەدا دابەشی دەکات کە پێویستیان پێیەتی.

کۆشکی سپی ئاماژەشی بەوەدا لەم مانگانەی دواییدا حکومەتی ئەمەریکا 10,000 ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسینی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادکردووە. پلانی هەیە ناوەندی زیاتر لە شوێنە دوورەدەستەکانی ئەمەریکاش بکاتەوە و دەرمانخانەکانیش کارمەندی زیاتر وەردەگرن تاوەکو ڤاکسینەکان بدەن بە خەڵک.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا