بایدن داوای لە فاوچی کردووە ئەندامێکی تیمەکەی بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن لەڕێی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنەوە ڕایگەیاند داوای لە بەڕێوبەری ناوەندی نەخۆشیە گواستراوەکانی ئەمەریکا ئانتۆنی فاوچی کردووە بەشێک بێت لە تیمە تایبەتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بایدن وتی " داوام لێکرد لە هەمان کاری خۆی بمێنێتەوە کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکانی پێشووشدا هەمان کاری کردووە و ببێتە ڕاوێژکاری تەندروستی سەرەکیم و بەشێک بێت لە تیمی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا."

لەلایەکی دیکەشەوە بایدن وتی بەنیازە دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست داوا لە هاوڵاتیانی ئەمەریکا بکات بۆ ماوەی 100 ڕۆژ دەمامک بەکاربهێنن، وتی " دەمامک بەستن تەنها بۆ 100 ڕۆژ نەک بۆ تا هەتایە، ئەگەر وابکەن ئەوا پێم وایە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس