عەرەبە ئەمەریکاییەکان گوێ لە هێرس دەگرن لە کاتێکدا هەوڵ دەدات پشتگیری ویلایەتێکی یەکلاکەرەوە بە دەستبهێنێت

خۆپیشاندانی عەرەبە ئەمەریکاییەکان لە ماوەی سەردانێکی بایدندا بۆ وارینی ویلایەتی میشیگن، ١ ی مانگی دووی ساڵی ٢٠٢٤

چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆک جۆو بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کشایەوە و پشتگیری خۆی بۆ جێگری سەرۆک کامڵا هێرس دەربڕی بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەرپرسانی باڵای هەردوو پارتە گەورەکەی ئەمەریکا پرسیارییان لە بڵاوکەرەوەی دەزگای هەواڵی دییەربۆرنی ئەمەریکاییە عەرەبەکان کردووە لەسەر ئەوەی ئایا هێرس دەتوانێت پشتگیری گەورەترین دانیشتوانە موسوڵمانەکەی ناو ئەمەریکا لە دیترۆیت بە دەست بهێنێت یان نا.
وەڵامەکەی بریتی بوو لە " ئێمە لە حاڵەتی گوێگرتنداین."

هێرس کە بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکان، دوای ئەوەی بایدن دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی بوو، وادیارە ئامادەیە بۆ ڕازیکردنی دەنگدەرە عەرەبە ئەمەریکاییەکان لە ویلایەتی میشیگن، دیموکراتەکانی ویلایەتەکە باوەڕییان وایە هێرس ناتوانێت بەرگەی لە دەستدانی ویلایەتەکە بگرێت لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا، دەشڵێن هێرس سەرکردەیەکە کە دەتوانن لە پشتییەوە یەکبگرن.

سەرکردەکانی کۆمەڵگەکە ئارەزووی خۆیان پیشانداوە بۆ گوێگرتن، هەندێکیشیان گفتوگۆیان لەگەڵ تیمەکەی هێرسدا کردووە. زۆرێکیان بێزاربوون بە بایدن دوای ئەوەی چەندین مانگ هەستییان کردووە داواکانییان هیچ ئەنجامێکییان لێنەکەوتووەتەوە.

سەرۆکی شارەوانی دیموکراتەکانی دییەربۆرن عەبدوڵا حەمود وتی " دەرگاکە کراوەتەوە لە دوای ئەوەی بایدن وازی هێنا. دەرفەتێک هەیە بۆ بەربژێری دیموکراتەکان بۆ یەکخستنی هاوپەیمانییەکە کە چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک بایدن بوو بە سەرۆک هاتە ئاراوە. بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییە ئێستا دەکەوێتە سەر شانی جێگری سەرۆک."

سەرکردە ئەمەریکاییە عەرەبەکانی وەکو حەمود و سیبلانی لە نزیکەوە چاودێری ئاماژەکان دەکەن لەسەر ئەوەی هێرس هەوڵێکی زیاتر بدات بۆ ئاگربەستێک لە غەززە. ئەوان بە پەرۆشەوەن بۆ کاندیدبوونی بەڵام دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە لەوەی هێرس دەبێتە داکۆکیکار لە ئاشتی نەک پشتیوانیکارێکی بەهێزی ئیسڕائیل.

بەڵام هێرس دەبێت زۆر وریا بێت لەوەدا بە ئاشکرا هەڵوێستی بایدن لەسەر جەنگەکەی ناو غەززە نەشکێنێت، کە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بەردەوام کارییان کردووە بۆ ئاگربەستێک، زۆربەی کاتەکان لە پشت پەردەکانەوە.

دابەشبوونەکە لە پارتەکەی هێرس خۆیدا هەفتەی ڕابردوو لە واشنتن دیار بوو، کاتێک سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو سەردانی ئەمەریکای کرد و وتارێکی پێشکەشی کۆنگرێس کرد. هەندێک لە دیموکراتەکان پشتگیرییان لە سەردانەکە کرد، هاوکات هەندێکی دیکەیان ناڕەزاییان دەربڕی و ڕەتییان کردەوە ئامادە بن. لە دەرەوەی کاپیتۆڵ، خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان بە سپڕای بیبەری تون و دەستگیرکردن بڵاوەیان پێکرا.

ڕەشیدە تلایبی کۆماری لە میشیگن، کە تەنها ئەمەریکاییە خەڵکی فەلەستین بێت و لە کۆنگرێس بێت، لە ماوەی وتارەکەی نەتانیاهودا ئاماژەیەکی بەرز کردەوە و نوسرابوو لەسەری " تاوانباری جەنگ."

هێرس ئامادەی وتارەکەی نەتانیاهو نەبوو.

هێرس لەو کاتەدا ئامادەی هەڵمەتێکی هەڵبژاردن بوو لە ئیندیاناپۆلیس، بەڵام هەندێک لە سەرکردە ئەمەریکاییە عەرەبەکان دەڵێن ئامادە نەبوونی هێرس لە ماوەی وتارەکەی نەتانیاهودا نیشانەیە لەسەر ئەوەی باوەڕێکی باش هەبێت بەوان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دانییان بەوەدانا کە هێرس بەرپرسیارێتی دیکەی هەیە وەکو جێگری سەرۆک و ڕۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ نەتانیاهودا کۆبووەوە.

تاقیکردنەوەی یەکەمی هێرس لە نێو عەرەبەکانی ئەمەریکادا دیاریکردنی جێگرەکەی دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، یەکێک لەو ناوانەی کە لە لیستە کورتەکەیدایە فەرمانڕەوای پێنسلڤانیا جۆش شاپیرۆیە. شاپیرۆ بە ئاشکرا ڕەخنەی لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینییەکان گرتووە و جووە. هەندێک لە سەرکردە عەرەبەکانی ئەمەریکا لە میشیگن دەڵێن دیاریکردنی شاپیرۆ وەکو جێگری هێرس دوودڵییەکانییان زیاتر دەکات سەبارەت بە ئاستی ئەو پشتیوانییەی کە دەتوانن پێشبینی بکەن لە بەڕێوبەرایەتییەکی هێرسەوە.

ڕیما میروەی بەڕێوبەری تۆڕی نیشتیمانی کۆمەڵگەکانی ئەمەریکاییە عەرەبەکان وتی " جۆش شاپیرۆ یەکێک بوو لەوانەی کە یەکەم جار ڕەخنەیان لە خوێندکارانی زانکۆ گرت. لەبەرئەوە ئەگەر هێرس هەڵیبژێرێت ئەوا زۆر جیاواز نابێت لە هێرس. ئەوە وەکو ئەوە وایە بڵێیت بەردەوام دەبم لە هەمان سیاسەتەکانی بایدن."

ئەمەریکاییە عەرەبەکان بەوە دەنازن کە گرنگییەکی گەورەیان هەیە لە دەنگدانەکاندا لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی وەکو میشیگن و پێیان وایە ئەو گرنگییە وادەکات بەرپرسان گوێیان لێبگرن. زۆرترین دانیشتوانی عەرەبی لە ئەمەریکا لە میشیگنە، شارە زۆرینە موسوڵمانەکانی ویلایەتەکە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا پشتگیرییان لە بایدن کرد. بایدن دییەربۆرنی بردەوە بە جیاوازی 3-1 بەرامبەر دانۆڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

لە مانگی دوودا زیاتر لە 100,000 دەنگدەری دیموکراتی میشیگن ناڕەزاییان دەربڕی دژی پشتیوانییەکەی بایدن بۆ وەڵامەکەی ئیسڕائیل بۆ هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل.

ئەو گروپانەی کە سەرکردایەتی ئەمەیان دەکرد داوای قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەکییان دەکرد بۆ ئیسڕائیل، هەروەها داوای ئاگربەستێکی هەمیشەییان دەکرد.

عەباس عەلاوییە کە سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیەیە وتی " ئەگەر هێرس داوای قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەک بکات، ئەوا بیست چوار کاتژمێر دێم و دەچم تاوەکو وابکەم ئەو هەڵبژێردرێت. ئێستا دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ یەکخستنی هاوپەیمانییەکە. ئەوە پەیوەستە بەوەوە بیکات، بەڵام ئێمە بە وریاییەوە گەشبینین."

ئەو دابەشبوونە شەوی چوارشەممە بە تەواوەتی دەرکەوت کاتێک پارتی دیموکراتی میشیگن زیاتر لە 100 نوێنەری کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە پاڵ هێرسدا یەکبگرن. لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، عەلاوییە یەکێک بوو لە نوێنەرەکانی سێ ویلایەت کە پابەند نەبوون بە هێرسەوە، قسەی دەکرد کاتێک نوێنەرێکی دیکە قسەکانی پێبڕی و پێی وت " دەمت داخە."

ئەم گرژییە پێشبینی دەکرێت دووبارە لە مانگی هەشتدا سەرهەڵبداتەوە، کاتێک سەرکردە و یاسادانەر و نوێنەرەکانی دیموکراتەکان لە شیکاگۆ لە ماوەی کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا کۆدەبنەوە. پلان داندراوە بۆ خۆپیشاندانی گەورە و بزووتنەوەی پابەندنەبوونیش بە هێرسەوە بە نیازە وابکات دەنگەکانی ببیسترێت.

هاوکات ترامپ و هەڵمەتەکەی ئاگاداری ئەم قەیرانەن لە نێو لایەنگرانی دیموکراتەکاندا و چالاکانە هەوڵی بە دەستهێنانی پشتگیری عەرەبە ئەمەریکاییەکان دەدەن. بەڵام ئەو هەوڵە ئاڵۆز بووە بەهۆت مێژووەکەی ترامپەوە لە لێدوانی دژە کۆچ و سیاسەتەکانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا.

هەفتەی ڕابردوو کۆبوونەوەیەک ڕێکخرا لە نێوان سەرکردەکانی عەرەبە ئەمەریکاییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەوە لەگەڵ چەند لایەنگرێکی ترامپدا لە دییەربۆرن، یەکێک لە لایەنگرەکان مەساد بۆلوس بوو کە خاوەنکارێکی خەڵکی لوبنانە و کوڕەکەی هاوسەرگیری لەگەڵ تیفانی ترامپدا کردووە کە کچە بچووکی دانۆڵد ترامپە، دوو ساڵ لەمەوبەر بۆلوس کاریگەرییەکانی خۆی بەکاردەهێنا بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری بۆ ترامپ.

بۆلوس و بیشارا بەهبای سەرۆکی عەرەبە ئەمەریکاییەکان بۆ ترامپ لە دییەربۆرن تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە ترامپ کراوەیی خۆی پیشانداوە بە ڕووی چارەسەری دوو دەوڵەتدا بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان. لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نامەیەکی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباسی بڵاوکردەوە و بەڵێنیدا کار بۆ ئاشتی بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەهبا وتی " سێ خاڵی سەرەکی کە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان پێدرا ئەوەبوو کە ترامپ پێویستی بەوەیە ڕوونتر بڵێت کە ئاگربەستێکی دەستبەجێی دەوێت لە غەززە و پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات، هەروەها ئەوەش کە شتێک نیە بە ناوی قەدەغەکردنی موسوڵمانانەوە. ئەمە ئەوەیە کە کۆمەڵگەکە دەیەوێت بە ڕوونی بیبیستێت."

بەپێی بەهبا، پێش گردبوونەوەکەی 20 ی مانگی حەوت لە میشیگن، ترامپ چاوی بە بەهبا کەوتووە، بەهبا داوای لە ترامپ کردووە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت، ترامپیش بە پشتگیرییەوە وەڵامی داوەتەوە.

بەڵام هەر دەرفەتێکی سیاسیی بۆ ترامپ ڕەنگە سنووردار بێت، ئەوەش بەهۆی ڕەخنەکانی زۆرێک لە عەرەبە ئەمەریکاییەکانەوە سەبارەت بە سیاسەتەکەی ترامپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ قەدەغەکردنی کۆچ لە چەندین وڵاتی موسوڵمانەوە، هەروەها ئەو لێدوانانەش کە عەرەبەکان بە سوکایەتی دەزانن.

حەمودی سەرۆکی شارەوانی دیموکراتەکان لە دییەربۆرن وتی " هیچ کەسێکم نەبینیوە بڵێت ئێستا من بەپەلە بەرەو دانۆڵد ترامپ دەڕۆم. هێشتا ئەوەم نەبیستووە لە هیچ گفتوگۆیەکمدا. ئەوان دەزانن دانۆڵد ترامپ نوێنەرایەتی چی دەکات."

سیبلانی کە ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لایەنگرەکانی ترامپدا ڕێکخست، چەندین مانگ نێوەندگر بووە لە نێوان کۆمەڵگەکەی و بەرپرسانی پارتە سیاسییەکاندا، وتی هەمووان داوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەکەن.

سیبلانی وتی " هەمووان دەنگەکانی ئێمەیان دەوێت، بەڵام هیچ کەسێک نایەوێت بە ئاشکرا لەگەڵ ئێمەدا ببینرێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا