بۆ یەکەمجار لە جیهاندا، سزای مەرگی بکوژێک لە ئەمەریکا بە گازی نایترۆجین جێبەجێدەکرێت

ویلایەتی ئەلاباما لە باشووری ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە جیهاندا، سزای مەرگی تاوانبارێک لە رێگەی بەکارهێنانی گازی نایترۆجینەوە ئەنجامدا.

کیێنێت سمیتی تەمەن 58 ساڵ کە بەهۆی ڕۆڵی لە کوشتنی ژنێک لە ساڵی 1988 لە ویلایەتی ئەلاباما سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرابوو، داوای لە دادگای باڵای ئەمەریکا کردبوو جێبەجێکردنی سزاکەی لە رێگەی گازی نایترۆجینەوە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دادگای باڵای ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بە ڕەتکردنەوەی داواکەی، ڕێگەیدا سزای ئەو تاوانبارە لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەدا بەو شێوەیەی کە ئەلاباما داوایکردبوو، جێبەجێبکرێت.

سمیت جارێک لە ساڵی 2022 بە گازی ژەهراوی تا لیواری مردن ڕۆیشتبوو، بەڵام بەهۆی کێشەی ئەو شێوازەوە، بەرپرسانی ویلایەتەکە ناچاربوون جێبەجکردنی سزاکەی دوابخەن.

ویلایەتی ئالاباما ڕایگەیاندووە ئەم پڕۆتۆکۆڵە نوێیە کە زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت " بێ ئازارترین و مرۆییترین شێوازی جێبەجێکردنی سزای مەرگە کە تاوەکو ئێستا مرۆڤ زانیبێتی."

بە گوتەی بەرپرسانی ئەو ویلایەتە پێشبینی دەکرا سمیت لە یەک خولەکدا لە هۆش خۆی بچێت و بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە بمرێت، بەڵام شایەتحاڵانی پڕۆسەکە وتییان چەند خولەکێک زیاتری پێچووە.

ئالاباما خنکاندنی بە بەدیلێکی سادەتر داناوە بۆ ئەو سیستمانەی زیندان کە کۆشش دەکەن بۆ دۆزینەوەی دەمارەکان یاخود ئەوانەی کە پێویستییان بە دەرماە بۆ دەرزی لێدانی کوشندە.

گروپەکانی مافی مرۆڤ و شارەزایانی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان و پارێزەرەکانی سمیت هەوڵییاندا ڕێگری لەو سزایە بگرن، دەڵێن شێوازەکە مەترسیدار بووە و شێوازێکە کە پێشتر ئەزموون نەکراوە، ڕەنگە ببێتە هۆی مەرگێکی بە ئازاری بێ ئەندازە و برینداربوون کە نەبێتە هۆی مردنی سمیت.

بەرپرسانی زیندانەکە وتییان خنکاندنەکە کاتژمێر 7:53 خولەکی ئێوارە دەستی پێکردووە و لە کاتژمێر 8:25 خولەکی ئێوارەدا مردنی سمیت ڕاگەیەندراوە.

بەپێی پێنج ڕۆژنامەنووس کە ڕێگەیان پێدرابوو پڕۆسەکە ببینن، وادەرکەوتووە کە چەند خولەکێک دوای ئەوەی نایترۆجینەکە چالاک کراوە سمیت هێشتا ئاگای لە خۆی بووە. بەڵام دواتر سەری لەراندووەتەوە و نزیکەی دوو خولەک دەستی بە جووڵەکردن کردووە، دواتر بۆ چەند خولەکێک دیار بووە کە هەناسەی توند بووە و لە کۆتاییدا هەناسەی خاو بووەتەوە و گیانی لە دەستداوە.

کۆمسیاری چاکسازی ئالاباما جۆن هام لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " وادەرکەوت کە سمیت تاوەکو توانی هەناسەی خۆی گرت. کۆششی کرد دژی هەناسە توند بوونەکەی. ئەوەش هەمووی پێشبینی کرابوو."

ڕاوێژکاری ڕۆحانی سمیت، قەشە جێف هوود، وتی بەرپرسانی زیندانەکە لەو ژوورەدا " بە ئاشکرا دیار بوو سەریان سوڕما بوو لەوەی ئەم شتە چەند بە خراپی بەڕێوەچوو."

هوود کە لە ماوەی لانیکەم 15 مانگی ڕابردوودا ئەمە پێنجەمین لە سێدارەدان بوو کە ئامادەی ببێت، وتی " ئەوەی بینیمان چەند خولەکێکی کەسێک بوو کە کۆششی بۆ ژیانی خۆی دەکرد. چەند خولەکێکی کەسێکمان بینی بۆ پێشەوە و دواوە بەرز دەبووەوە. تفمان بینی. هەموو شتێکمان بینی لە دەمییەوە دەهاتنە دەرەوە بەسەر ماسکەکەدا."

پێش ئەوەی نایترۆجینەکە چالاک بکرێت، سمیت بەیاننامەیەکی دوورودرێژی دەرکرد و لە سەرەتای بەیاننامەکەدا وتی " ئەمشەو، ئالاباما شتێکی کرد کە بووە هۆی ئەوەی مرۆڤایەتی هەنگاوێک بەرەو دواوە بڕوات."

سمیت لە ڕابردوودا لە دادگا فیدڕاڵییەکاندا ئاماژەی بەوەدابوو کە شێوازە نوێیەکەی ئالاباما دەگاتە ئاستێکەوە کە نادەستوورییە و " دڕندانەیە و سزایەکی نائاساییە." بەڵام شکستی هێنا لەوەدا کە دادوەرێک لە سێدارەدانەکەی دوابخات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز