دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی

ئەمڕۆ شەممە دراوی ئێرانی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و دە دۆلاری ئەمەریکی گەیشتە 3 ملیۆن تمەنی ئێرانی، ئەوەش ئەو ئاستە نزمەیە کە لەڕووی دەروونییەوە کارییگەریی دروستدەکات، ئەم دابەزینە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان و توندتربوونەوەی سزاکانی ئەمەریکا و فراوانتر بوونی ئابڵوقە ئابوورییەکان بەسەر ئێراندایە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی bon-bast.com ئەمڕۆ هەر دە دۆلاری ئەمەریکی بە نزیکەی 2.990 ملیۆن تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوەکراوە، لەکاتێکدا رۆژی هەینی 2.938 ملیۆن تمەن بوو.

ئێران ڕووبەڕووی خراپترین هەڵئاوسان بۆتەوە کە چەندین دەیەیە بەخۆیەوە نەدیوە، ئەویش بەهۆی شەڕی نۆمانگەی ئێران، و بەتایبەتیش زیادبوونی یەکجار زۆری نرخی خۆراک.

ئەمەریکا لە مانگی حەوتی ئەمساڵەوە ئابڵوقەی دەریاوانیی خستۆتە سەر بەندەرەکانی ئێران، و پێشتریش لەم مانگەدا "هێزی تایبەتی دەروازەی ئاسنین"ی ڕاگەیاند بۆ سنوردارکردنی گواستنەوەی چەک و ئەو کەرەستانەی خراونەتە لیستی سزاکانەوە بە سنورە زەمینییەکانی ئێران و لە دەریای قەزوینیشەوە.

سکۆت بێسێنتی وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا و دوای سەپاندنی کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر ئێراندا، کە ئامانجیان زیاتر دابڕینی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ئابووریی جیهان و تێکدانی تۆڕە نهێنییەکانی بانکدارییە، ڕایگەیاند: ئابووریی ئێران نوقم بووە و سەرکردەکانی تۆقیون.

عەبدولناسر هیممەتی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران رۆژی شەممە وتی ئێران بڕی پێویست دراوی نەختینەیی هەیە بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان بۆ چەندین مانگی داهاتوو، بەڵام ئەوەشی وت کە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بییانی کەوتۆتە بەر کاریگەریی بنەما ئابورییەکان و هەروەها کارا دەروونییەکانیش.

هیممەتیی بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی وت "چەندیین هۆکار کاردەکەنە سەر ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، وەک ئابوریی، پێشبینییەکان، و سیاسەت. ئێمە هەوڵدەدەین تاوەکو پێمانبکرێت بازاڕ سەقامگیر بکەین."

زۆرێک لە خەڵکی ئێران بۆ پاراستنی پارەکانیان پەنا دەبەنە بەر دۆلاری ئەمەریکی و دراوی بەهێزی دیکە و زێڕ.

نرخی شمەكی بەکاربردن لە مانگی 10 لە ئێران بە ڕێژی 88.7٪ زیاد بوو بەراورد بە ساڵێک لەمەوبەر، لەکاتێکدا تێكڕای هەڵئاوسان بە ڕێژەی 76.8٪ زیادیکرد، ئەمانەش بەگوێرەی سەنتەری ئامارەکانی ئێران. نرخی خواردن و خواردنەوە ساڵ لەدوای ساڵ بەڕێژەی 112.6٪ زیادیکردووە.

دراوی ئێرانی لە مانگی هەشتدا بۆ نزمترین ئاست دابەزی، ئەوکات دوو ملیۆن تمەنی بەرامبەر بە دە دۆلاری تێپەڕاند، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە مانگی حەوتدا 66٪ بوو.