نمایشی ڕۆژی سوپاسگوزاریی ' مەیسیس ' ڕۆژی شەممە 28 ی مانگی یازدە، لە شاری نیویۆرک دەستیپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی 100 ساڵەی خۆیدا بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە دواخرا.
ئاهەنگەکان کاتژمێر 8:30 ی بەیانی دەستیان پێ کردووە و تاوەکو نیوەڕۆ بەردەوام دەبن. کارەکتەرە نوێیەکانی هێلۆ کیتی، مینیەنز، هاری پۆتەر و دیزنی لەنێو ئەو کارەکتەرانەدان کە بەشداری لە نمایشەکەدا دەکەن، شانبەشانی 28 عەرەبانەی نمایشی ڕازاوە، 31 ستاف و کڵاون، 24 هونەرمەندی نمایشکار، 9 تیپی مۆسیقای سەربازی، 17 گرووپی هونەری و 9 یەکەی تایبەتمەندی دیکە.
ڕێڕەوی نمایشەکە بە درێژایی 2.5 میل کە دەکاتە نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە ناوچەی ئەپەر وێست سایدەوە دەستپێدەکات تاوەکو فرۆشگای سەرەکیی مەیسیس لە گۆڕەپانی 'هێراڵد سکوێر.
ڕێکخەرانی نمایشەکە ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاندبوو کە ئاهەنگە ساڵانەکە دوا دەخەن بۆ پاراستنی پارێزراویی بەشداربووان و بینەران، ئەمەش دوای ئەوەی زریانێکی بەهێز ڕۆژی پێنجشەممە ناوچەی سێ ویلایەتەکەی نیویۆرک، نیوجێرسی و کۆنێتیکتی گرتەوە و بارانێکی بەلێزمە، بایەکی بەهێز و لافاوی کەناراوەکانی لێ کەوتەوە.
ڕێکخەرانی نمایشەکە لە بەیاننامەیەکدا گوتبوویان '' سوپاس بۆ هەزاران خۆبەخش، نمایشکار و هاوبەش کە ئەو جادووە دەخوڵقێنن کە ساڵانە ملیۆنان کەس چێژی لێ دەبینن. چاوەڕێین ڕۆژی شەممە پێکەوە ئاهەنگ بگێڕین.''
چەند ڕۆژێک پێش نمایشەکە، پرسیار و گومان دروست ببوو سەبارەت بەوەی ئایا باڵۆنە بەناوبانگەکانی نمایشەکە دەتوانن بفڕن یان نا، چونکە سنووری ڕێگەپێدراوی خێرایی با بۆ فڕینی باڵۆنەکان 34 میلە لە کاتژمێرێکدا، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا خێرایی با لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بگاتە 60 میل لە کاتژمێرێکدا.
بەڵام ڕۆژی شەممە باڵۆنەکان بەبێ هیچ کێشەیەک دەفڕن, کەشوهەوا زۆر باشتر بووە و ئاسمان بە زۆری هەوراوییە بەڵام وشکە، هەروەها خێرایی با دەگاتە 25 میل لە کاتژمێرێکدا، پلەکانی گەرماش نزیکەی 10 بۆ 12 پلەی سیلیزیدان.